سەرۆکی ئەنجومەنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان
رایگەیاند، رەزامەندی نوسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتییان وەرگرتووە بۆ بەکارهێنانی
ئۆتۆمبێلەکانیان و تێپەڕبوون بەبازگەکاندا بێ ئەوەی دەستیان بەسەردا بگیرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە،
١٥ی ئەیلول، سوارە عومەر، سەرۆکی ئەنجومەنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان بە (BMC) راگەیاند:" پاش
ئەوەی هەفتەی رابردوو یاداشتنامەیەکمان پێشکەشی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری
سەرۆکی حکومەت کرد، خۆشبەختانە ئەمڕۆ وەڵامیان داینەوە و رەزامەندییاندا بۆ
بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان و تێپەڕبوونیان بەبازگە جێگیر و کاتییەکاندا
بەبێ ئەوەی دەستییانبەسەردا بگیرێت".
لە هەرێمی کوردستان ٣٤ هەزار ئۆتۆمۆبێلی بێسەرەتا هەیە
ئاماژەی بەوەشدا:" لە هەرێمی
کوردستان ٣٤ هەزار ئۆتۆمۆبێلی بێسەرەتا هەیە و لەو ژمارەیەیە ١٩ هەزار ئۆتۆمبێلیان
لەبەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ تۆمارکراون و کۆدییان بۆ کراوە".
باسی لەوەشکردووە:" قوباد
تاڵەبانی هەمیشە بەدەنگمانەوە هاتووە و کاری لەسەر جێبەجێکردنی داواکانمان کردووە
و نوسینگەکەی بەڵێنیان پێداوین کەبڕیاری داهاتووشیان لەبەرژەوەندی خاوەن ئۆتۆمبێلە
بێسەرەتاکان بێت".