ئەنجومەنی وەزیران (پلانی نیشتمانیی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ) پەسەندکرد

کوردستان 15/09/2021

Alternate Text

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لەکۆبوونەوەکەدا ( پلانی نیشتمانیی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ ٢٠٢١-٢٠٢٥) پەسەندکرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٥ی ئەیلول، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجامدا و لەکۆبوونەوەکەدا لەکۆبوونەوەکەدا ( پلانی نیشتمانیی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ ٢٠٢١-٢٠٢٥) پەسەندکرد و راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کەئەمە دەقەکەیەتی:

ئەنجومەنی وەزیران (پلانی نیشتمانیی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ ٢٠٢١-٢٠٢٥) پەسەند کرد.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا ، سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، بە شێوەیەکی ئارام و مەدەنیانە و دوور لە ناوزڕاندن و یەکترشکاندن بەڕێوەبچێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم هەڵبژاردنە، بۆ ئەوەیە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، داکۆکی لە بەرژەوەندییە گشتیەکان و ماف و شایستەکانی خەڵکی کوردستان بکەن و پێویستە ململانێ و کێبڕکێیی نێوان حزب و لایەنە کوردستانییەکانیش، بە ئاراستەی بەرگریکردن بێت لە پرسە نیشتمانییەکان و مافەکانی گەلی کوردستان.
ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە گرنگیی رۆڵی بێ لایەنانەی دامودەزگا ئیداری و ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێم و میدیا و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کردەوە لە سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن بە گوێرەی یاسا بەرکارەکان، بە شێوەیەک پێویستە ئامانجی سەرەکی هەموو حزب و لایەنە کوردستانییەکان ئەوە بێت، لە بەغدا بەیەکەوە داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵک بکەن.
پاشان لە لایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و وەزیرە پەیوەندیدارەکان ، هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی چەند بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران خرایەڕوو کە تایبەت بوون بە قەدەغەکردنی سیمکارتی بێ بەرایی و ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە کوالیتی ئاردی هاوردەکردەکراو لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان لەڕووی خۆراکی و تەندروستییەوە.
بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە بڕیاردان لە سەر ڕەشنووسی ( پلانی نیشتمانیی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ٢٠٢١-٢٠٢٥ ) کە لە کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەن خرایەڕوو ، لە کۆبوونەوەکەدا بە کۆی دەنگی ئەنجومەنی وەزیران پەسەند کرا و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردران، بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە و ئاگادارکردنەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە بەرەوپێشچوونی جێبەجێکردنی پلانەکە بە ئاراستەی برەودان بە مافەکانی مرۆڤ لە هەرێم.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ، دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ، رەشنووسی ( پەیڕەوی سندووقی پاڵپشتیی گەشەپێدان ڕێگاوبان لە هەرێمی کوردستان )ی خستەڕوو . ئەم رەشنووسە لە لایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە هەماهەنگیی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ئامادەکراوە . ئەنجومەنی وەزیران، سەرەڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی برەودان بە بواری رێگاوبان، بڕیاریدا وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لە ماوەی مانگێکدا ، پێداچوونەوەی زیاتر بە رەشنووسەکەدا بکەن لەڕووی قانونی و تەکنیکی وداراییەوە، لەبەر رۆشنایی ئەو تێبینی وسەرنجانەی خرانەڕوو، تا ئەو پەیڕەوە ئامانجەکانی خۆی بەدیبهێنێ لە پاڵپشتی وەزارەت لە گەشەپێدانی پڕۆژەکانی رێگاوبان و دانانی پێوەر بۆ بەرجەستەکردنی دادپەروەریی لە دابەشکردنی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و رێگاوبان، لەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بە پێی شایستەبوون، ئەویش لەبەر رۆشنایی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە گرنگیدان بە بواری ڕێگاوبان، لە بڕگە سەرەکیيەکانیەتی.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا