دوای وەرزش و میوزیک، لە ئەفغانستان وێنەکێشانیش قەدەغەیە

هەمەرەنگ 16/09/2021

Alternate Text

سەرباری ئەوەی لە چەند جارێکدا بزوتنەوەی تاڵیبان رایانگەیاند کە هەمان سیاسەتی توندڕەوی جاری پێشووی لە دەسەڵاتدا پەیڕەو ناکات، بەڵام وا دیارە هەڵسوکەوتەکان تەواو پێچەوانەیە.

لە ماوەی رابردوودا و کاتێک بزوتنەوەی تاڵیبان کۆنترۆڵی کابولی کرد، چەند جارێک وتەبێژ و بەرپرسانی بزووتنەوەکە رایانگەیاند کە لە پەیڕەوکردنی سیاسیەت و شەرعیەتی ئیسلامدا نەرمتر دەبن بەراورد بەو سیاسەتەی پێش ٢٠ ساڵ لەمەوبەر پەیڕەویان دەکرد، بەڵام لە راستییدا ئاڕاستەی کردەوەکانیان تەواو پێچەوانەیە، کە لەوانەیە ئاماژەیە بێت بۆ رۆژانێکی تاریک لە داهاتووی وڵاتەکەدا.

پێشتر بزوتنەوە توندڕەوەکە رایگەیاندبوو رێگە دەگرێت لە ژنان کە وەرزش بکەن، ئەویش بۆ ماوەیەکی کاتی، بەڵام لە وتەی بەرپرسەکانیدا ئاشكرایە کە تاڵیبان کۆتا بڕیاری خۆی داوە لەو بارەیەوە، هەر پێشتریش چەند چەکدارێکی تاڵیبان لە هەڵمەتێکدا هەڵیانکوتابووە سەر پەیمانگای میوزیکی نیشتیمانی لە کابول و ژمارەیەکی زۆر لە ئامێرەکانیان شکاندبوو.

وا دیارە تاڵیبان هەر بەوەشەوە نەوەستا، لە دوایین هەڵمەتیدا هەستا بە شاردنەوە و قەدەغەکردنی وێنەکێشان، کە لەو بارەیەوە، شەمسیە حەسانی وێنەکێش، کە بە یەکەم هونەرمەندی وێنەکێشانی جۆری گرافیتی ئەفغانی دادەنرێت دەڵێت کە پێش ئەوەی تاڵیبان کابول کۆنترۆڵ بکات، لە سەر یەکێک لە دیوارەکانی پایتەخت گرافیتییەکی کێشا کە ئاماژە بوو بۆ ژنێکی ئەفغانی کە رووخساری بە نیقابێک داپۆشراوە، بەڵام دواتر و کاتێک بزوتنەوەکە کۆنترۆڵی کابولی کرد، چەکدارەکانی هەڵستان بە سڕینەوە و شاردنەوەی وێنەکانی سەر شەقامەکان، کە یەکێک لەوانەی وێنەکەی حەسانییە، ئەویش وێنەکەی بڵاوکردووە و تێیدا دیوارێک دەردەکەوێت بەبێ وێنەکەی.

 

 

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا