سەرۆکی پێشووی جەزائیر کۆچی دواییکرد

جیهان 18/09/2021

Alternate Text

بەرەبەیان ئەمڕۆ عەبدولعەزیز بوتەفلیقە سەرۆکی پێشووی جەزائیر لەتەمەنی ٨٤ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دواییکرد.

سەرۆکی پێشووی جەزائیر کۆچی دواییکرد

ئەمڕۆ شەممە ١٨ی ئەیلول تەلەفیزیۆنی فەرمی جەزائیر بڵاویکردووەتەوە:"ئەم بەرەبەیانە عەبدولعەزیز بوتەفلیقە سەرۆکی پێشووی جەزائیر لەتەمەنی ٨٤ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دواییکرد.

عەبدولعەزیز بوتەفلیقە، لەساڵی ١٩٣٧ لەشاری وەجدەی مەغریب لە خێزانێکی بە ئەسڵ ئەمازیغی لەدایکبووە، هەشتەمین سەرۆکی جەزائیر بوو لەدوای سەربەخۆیی وڵاتەکەوە، لەدوای هواری بومدین، زۆرترین ماوە حوکمی وڵاتەکەی کردووە.

 نازناوی گەنجترین وەزیری پێبەخشراوە

لەساڵی ١٩٦٢بووەتە ئەندامی یەکەمین ئەنجومەنی بنەڕەتی  نیشتیمانی، و هەر لەو ساڵەدا پۆستی وەزیری گەنجان و گەشتوگوزاری وەرگرتووە بەهۆی ئەمەشەوە نازناوی گەنجترین وەزیری پێبەخشراوە، لەماوەی سەرۆکایەتی بومدیندا رۆڵێکی کاریگەری هەبووە و لەساڵی ١٩٦٣ تا مردنی ئەو سەرۆکە وەزیری دەرەوەی جەزائیر بووە.

دواتر وڵاتەکەی جێهێشتووە و ١٠ساڵ دوای گەڕایەوە و وەک ئەندامی لیژنەی مەرکەزی حیزبی جەبهەی تەحریر هەڵبژێردرا.

دواتر و لەساڵی ١٩٩٩ بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکەیدا کرد و رێژەی ٧٠٪ی دەنگی هاوڵاتیانی وڵاتەکەی بەدەستهێنا و بووە سەرۆکی جەزائیر.

 کۆتایی بە شەڕی ناوخۆی چەندین ساڵەی وڵاتەکەی هێنا کە (دەیەی رەشیان) پێدەوت

وێڕای ئەوەی لە ماوەی ژیانی سیاسیدا، چەندین جار تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە و گەندەڵی دراوەتە پاڵ، هەر ئەمەش ناچاری کرد وڵاتەکەی جێبهێڵێت، بوتەفلیقە، هاوسۆزی ژمارەیەکی زۆری لە جەزائیرییەکانی هەبوو، بەتایبەت پاش ئەوەی کۆتایی بە شەڕی ناوخۆی چەندین ساڵەی وڵاتەکەی هێنا کە (دەیەی رەشیان) پێدەوت، هەر ئەمەش وایکرد بۆ سێ خولی دیکە خۆی کاندید کردەوە و جار بۆ جار رێژەی دەنگەکانی زیاتر دەبوو، تەنانەت لە کۆتا جاردا و لەساڵی ٢٠١٤دابوو وێڕای ئەوەی دووچاری جەڵتەی مێشک بووبوو و توانای رۆیشتنی لەدەستدابوو جارێکی دیکە سەرکەوتنی خۆی مسۆگەرکردەوە.

بەڵام لەساڵی ٢٠١٩دا و لە خولێکی دیکەی هەڵبژاردنی وڵاتەکەی بەخت یاوەری نەبوو و لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دووبارە دەنگۆی خۆکاندید کردنەوەی دەنگی ناڕەزایەتی بەرزبووەوە و خۆپیشاندانی فراوان بۆ ئەو مەبەستە بەرێوەچوو و بەناچاری لەمایسی هەمان ساڵدا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند.

بەرەبەیانی ١٨ی ئەیلولی ٢٠٢١، کۆچی دواییکرد

لەدوای ئەو رووداوانەش بەردەوام تەندروستی بوتەفلیقە بەرەوخراپتر دەڕۆی، تا دواجار تەلەفزیۆنی فەرمی جەزائیر رایگەیاند، بەرەبەیانی ١٨ی ئەیلولی ٢٠٢١، عەبدولعەزیز بوتەفلیقە بەهۆی کاریگەری نەخۆشییە درێژخایەنەکەیەوە کۆچی دواییکرد.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا