لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، سەرۆکی چاودێرانی یەکێتی ئەوروپا کە وەک نێردەی چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق دیاریکراوە، رایگەیاند، نە ئەوان و نە هیچ لایەنێکی دیکەش ناتوانن گرەنتی بدەن کە لە هەڵبژاردنەکاندا ساختەکاری ئەنجام نادرێت.
ئەمڕۆ شەممە ١٨ی ئەیلول، ڤیۆلا ڤۆن کرامۆن، سەرۆکی چاودێرانی یەکێتی ئەوروپا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە شاری هەولێر رایگەیاند:" حکومەتی عێراق داوای لێکردووین کە چاودێری هەڵبژاردنەکان بکەین، سەرباری ئەوەی هیوادارین هەڵبژاردنێکی شەفاف و دوور لە ساختەکاری ئەنجامبدرێت، بەڵام نە ئێمە و هیچ لایەنێک ناتوانێت گرەنتی بدات کە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بەبێ ساختەکاری ئەنجامدەدرێت".
ئێمە سەر بە هیچ لایەنێک نین و سەربەخۆین
وتیشی:" ئێمە سەر بە هیچ لایەنێک نین و سەربەخۆین، لەگەڵ نوێنەری پێکهاتە و لایەنە جیاوازەکانی عێراقدا کۆدەبینەوە، بەڵام پەیوەندیمان بە هیچ لایەنێکەوە نییە، ئێمە سەر بە هیچ لایەنێک نین و تەواو جیاوزین، کەسیش ناتوانێت پێمان بڵێت چی بکەین و چی نەکەین، دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانیش لە راپۆرتەکەماندا باس لە هەموو نیگەرانی و کێشەکان دەکەین".
سەرۆکی چاودێرانی یەکێتی ئەوروپا ئاماژەی بەوەشدا:" هەندێک نیگەرانن لەبارەی ئەوەی ٨٠ چاودێری یەکێتی ئەوروپا بۆ رۆژی هەڵبژاردنەکان دیاریکراون، بەڵام دڵنیاتان دەکەینەوە، کە بابەتەکە پەیوەست نییە بە ژمارەوە، بەهۆی ئەوەی تیمەکانمان ئامادەکاری تەواویان کردووە و خاون ئەزموونی پێویستن، کە ئەوان لە کۆتایی مانگی ئابی رابردوودا گەیشتوونەتە عێراق و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا کۆبوونەتەوە و زانیارییان لە نێوان خۆیاندا بەش کردووە".