شاناز ئیبراهیم ئەحمەد سەردانی كۆمەڵەی
پێشمەرگە كەمئەندام بووەكانی سەنگەر کرد و رایگەیاند، هەڵبژاردنی ئەمجارە گرنگییەكی
گەورەی هەیە بۆ پرسە نەتەوەییەکانی خەڵكی كوردستان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٩ی ئەیلول، شاناز ئیبراهیم
ئەحمەد، كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندی یەکی یەکێتی لە سلێمانی، سەردانی
بارەگای كۆمەڵەی پێشمەرگە كەمئەندام بووەكانی سەنگەری كرد و لەگەڵ سكرتاریەتی كۆمەڵەكە
كۆبووەوە و رایگەیاند:" پێشمەرگە كەمئەندام بووەكانی سەنگەر لەلایەن
سەرۆك مام جەلالەوە شەرەفی نازناوی (شەهیدی زیندوو)یان پێبڕاوە كە پڕاوپڕە بە مێژوو
و قوربانیدانیان، بۆیە خزمەتكردنیان ئەركە و هەمیشە پاڵپشتی بەهێز دەبین بۆ بەدەمەوە
چوونی خواست و داواكانیان".
دەبێت كار بۆ سەرخستنی هاوپەیمانی كوردستان بكەین
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئاماژەی
بەوەشدا:" هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گرنگیەكی گەورەی
هەیە بۆ پرسی نەتەوەیی بۆ خەڵكی كوردستان، هەروەها بەهێزی پێگەمان لە بەغدا كاریگەری
دەبێت بۆ یەكلاكردنەوە و چارەسەركردنی كۆی پرسەكانی پەیوەندیدار بە خەڵك و هەرێمەكەمانەوە،
بۆیە دەبێت كار بۆ سەرخستنی هاوپەیمانی كوردستان بكەین".
هەر لەکۆبوونەوەکەدا، شوان موغاغی سكرتێری
كۆمەڵەی پێشمەرگە كەمئەندام بووەكانی سەنگەر رایگەیاند:" وەك كۆمەڵەی پێشمەرگە
كەمئەندام بووەكانی سەنگەر دەستمان كردووە بە ئامادەكاری و جێبەجێكردنی بەرنامەكان
بۆ سەرخستنی لیستی هاوپەیمانی كوردستان، هاوكات وەك هەردوو لقی(سلێمانی و شارباژێر-دوكان)كۆمەڵەكە
كە لەسنوری مەڵبەندی رێكخستنی سلێمانیدان هاوكار و تەواوكاریش دەبن لەجێبەجێكردنی
پلانی بەرپرسی میحوەری سلێمانی".
ئامادەکاری تەواومان كردووە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن
وتیشی:" لەم قۆناغەشدا كە یەكێتی پێویستی پێمانە
ئامادەکاری تەواومان كردووە بۆماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن و لەسەرجەم ناوچەكان و لەڕێی
لقەكانمانەوە، هەوڵەكانمان بۆ ئەو مەبەستە چڕكردۆتەوە".