نۆبڵی ئاشتی ٢٠٢١ درایە دوو رۆژنامەنوس

هەمەرەنگ 08/10/2021

Alternate Text

لیژنەی خەڵاتی نۆبڵی نەرویجی، دوو براوەی بۆ خەڵاتی ئاشتی دوو رۆژنامەنوسی فلیبینی و روسی دیاریکرد، ئەویش لەسەر بنەمای کارکردن بۆ ئازادی رادەبڕین.

ئەمڕۆ هەینی ٨ی تشرینی یەکەم، لیژنەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی نەرویجی، هەر یەک لە ماریا رێسای فلیپینی و دیمیتری مورتۆڤی روسی دیارکرد وەک براوەی خەڵاتی ئاشتی ٢٠٢١، لە بەیاننامەیەکدا، لیژنەکە دەڵێن:" بۆ کارکردنیان بۆ ئازادی رادەبڕین و ئازادی رۆژنامەوانی، کە بنەمای دیموکراسی و ئاشتییە، بڕیاردرا ئەو دوو رۆژنامەنوسە وەک براوە دیاریبکرێن".

ئەوەش دەڵێن:" ماریا رێسا و دیمیتری مورتۆڤ بوونە براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لەسەر بنەمای بوێرییان لە ئەرکەکانیاندا بۆ کارکردن بۆ ئازادی رادەبڕین لە فلیپین و روسیا، ئەوان نوێنەری سەرجەم رۆژنامەنوسانی جیهانن کە کار بۆ ئەم ئامانجە دەکەن لە جیهانێکدا کە دیموکراسییەت و ئازادی رۆژنامەوانی رووبەڕووی ئالانگاری دەبێتەوە".

ماریا رێسا رۆژنامەوانێکی بێلایەنی فلیپینە، لە ساڵی ٢٠١١دا پەڕەیەکی فەیسبووکی دروستکرد تایبەت بە هەواڵ و کاری رۆژنامەوانی، دوای ساڵێکیش پەرەیسەند بۆ وێبسایتێک بە ناوی راپڵەر، کە دواتر لەلایەن حکومەتی وڵاتەکەوە رووبەڕووی کێشەکرانەوە بەهۆی ئەوەی گەندەڵییان ئاشکرادەکرد، دواتریش لە ساڵی ٢٠١٩دا رێسا بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست لەسەر بازرگانێک، دوای ساڵێکیش دادگا تۆمەتەکانی بەسەردا سەپاند.

لەلایەکی دیکەوە، دیمیتری مورتۆڤ، رۆژنامەنوسێکی روسییە، بۆ ماوەی ١٢ ساڵ سەرنوسەری رۆژنامەیەک بوو بە ناوی نۆڤایا گازێتا، کە بە تاکە رۆژنامەی ئازاد لە روسیادا ناودەبرێت، هەروەها بەناوبانگە بەو راپۆرتانەی کە لەسەر گەندەڵی لە حکموتی روسیادا بڵاودەکرێتەوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا