کۆمسیۆن هەڵەکەی راستکردەوە؛ کورسییەکانی هاوپەیمانی کوردستان زیادیکرد

عێراق 12/10/2021

Alternate Text

کارگێڕی مەڵبەندی نەینەوای یەکێتی رایگەیاند، کاندیدێکی دیکەی هاوپەیمانی کوردستان لەو پارێزگایە دەرچووە بەڵام کۆمسیۆن هەڵەی لەهەژمارکردنی دەنگەکاندا کردووە و ئێستا چاککراوە بەمەش هاوپەیمانی دەبێتە خاوەنی ١٨ کورسی.

غەیاس سورچی، كارگێری مەڵبەندی نەینەوای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند:" لەسنوری بازنەكانی پارێزگای نەینەوا سێ كاندیدی هاوپەیمانی كوردستان كە هەرسێكیان ژنن و یەكێتین سەركەوتنیان بەدەستهێناوە".

ئەحلام رەمەزان و رۆنزا زیاد سەرکەوتوون

ئاماژەی بەوەشداوە:" لەبازنەی یەکی نەینەوا ئەحلام رەمەزان فەتاح كاكەیی بە چوار هەزار و ٩١٠ دەنگ سەركەوتووە و لەبازنەی دووی نەینەوا رۆنزا زیاد سەیدو بەگ بە پێنج هەزار و ٨٤٠ دەنگ سەركەوتنی بەدەستهێناوە".

عەزیزە عەبدولعەزیز زیاتر لە شەش هەزار دەنگی بەدەستهێناوە

لەبارەی کاندیدی سێیەمیش وتوویەتی:" لەبازنەی چواری نەینەواش عەزیزە عەبدولعەزیز كامل بریڤكانی زیاتر لە شەش هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام بەهۆی كێشەی تەكنیكی كۆمسیۆنەوە كە ئێستا ئەنجامەكان لەلایەن كۆمسیۆنەوە راگەیەندراوە سێ هەزار و ٢٤١ دەنگی بۆ هەژماركراوە، بۆیە وەك هاوپەیمانی كوردستان سكاڵامان لەكۆمسیۆن تۆماركردوە".

راشیگەیاندووە:" لەلایەن كۆمسیۆنیشەوە پێمان راگەیەندراوە كە ئەوەی روویداوە بەهۆی كێشەی تەكنیكییەوە بووە، بەڵام ئەو كاندیدەش بۆ پەرلەمان سەردەكەوێت و بەوەش هاوپەیمانی كوردستان لەسنوری پارێزگای نەینەوا سێ كاندیدی سەردەكەوێت".

هاوپەیمانی کوردستان ١٨ کورسی بەدەستهێناوە

بەسەرکەوتنی کاندیدی سێیەمی هاوپەیمانی کوردستان لەنەینەوا، هاوپەیمانێتییەکە دەبێتە خاوەنی ١٨ کورسی پەرلەمانی عێراق.

 

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا