جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان: هەڵەکان راست دەکەینەوە

کوردستان 13/10/2021

Alternate Text

جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان ئاماژەی بەوەکرد، وەک دروستکردنی پێشینەیەکی سیاسی نوێ و رچەشکێن، رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دەست لەکارکێشانەوەیان پێشکەشکرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٣ی تشرینی یەکەم، جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان راگەیەندراوێکی لەبارەی دۆخی ئێستای حزبەکەی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە:" راستە بزووتنەوەی گۆڕان بەشێوەیەکی کاتی نوشستی خواردوە، بەڵام هەموو گۆڕانخوازان دڵنیادەکەینەوە؛ هەڵەکان راست دەکەینەوە و ئیرادەی بەخۆداچونەوە و چاکسازی و گۆڕانکاری خەڵکی کوردستان سەردەکەوێت ".

دەقی راگەیەندراوی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان:

ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٣ی ١٠ی ٢٠٢١، جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە مەکۆی سەرەکی کۆبونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامدا.
تێیدا: یەکەم: وەک دروستکردنی پێشینەیەکی سیاسی نوێ و ڕچەشکێن، ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەشکرد و بەرپرسیارێتی ئەم قۆناغەیان لە ژیانی سیاسی لە ئەستۆگرت تا دروستکردنی دەستەیەکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی بزوتنەوەکە و ئامادەکاری کۆنفرانسی نیشتیمانی، ئەمەش هەنگاوێکە جێگای نرخاندنی بەرزە و وەڵامی ڕاستەوخۆی ئیرادەی گۆڕانخوازانە بۆ گۆڕانکاری.
دووەم: ستراتیژی بنیاتنانەوەی پایەکانی قۆناغی نوێ لە رێگەی داڕشتنەوەی بنەماکانی خەباتی سیاسی، دیپلۆماسی، ڕێکخراوەیی، میدیایی، گوتاری سیاسی و پرسی بەشداری گۆڕان لە حكومەتدا بڕیاریان لێ درا
. سێیەم: ئەنجامدانی کۆڕ و کۆبونەوەی فراوان لەگەڵ گۆڕانخوازان بۆ دروستکردنی بڕیاری دەستەجەمعی و دەستپێکی قۆناغی هەستانەوە، هاوکات بۆ نرخاندنی توانا و پەرۆشی ئەو خەڵکانەی لە قۆناغێک لە قۆناغەکاندا هاوکار و پاڵپشتی بزوتنەوەی گۆڕان بون، یان نوێنەرایەتیان کردوە و زیانیان بە بزوتنەوەکە نەگەیاندوە؛ پەیوەندیان لەگەڵ بکرێت و ببنەوە بە بەشێک لە ستراتیژی بنیادنانەوە و داڕشتنەوەی متمانە.
چوارەم: ڕاستە بزوتنەوەی گۆڕان بەشێوەیەکی کاتی نوشستی خواردوە، بەڵام هەموو گۆڕانخوازان دڵنیادەکەینەوە؛ هەڵەکان راست دەکەینەوە و، ئیرادەی بەخۆداچونەوە و چاکسازی و گۆڕانکاری خەڵکی کوردستان سەردەکەوێ.
جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان
 ١٣ی ١٠ی ٢٠٢١

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا