لە لوبنان شەڕ دەستیپێکردەوە

جیهان 14/10/2021

Alternate Text

شەڕ و پێکدادان لە نێوان لایەنگرانی حیزبوڵڵای لوبنانی و هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەدا دەستیپێکردووە و تا ئێستا شەش کەس کوژراون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٤ی تشرینی یەکەم، لەناوچەی تەیونەی بەیروتی پایتەختی لوبنان گرژی و ئاڵۆزی روویدا، کاتێک لایەنگرانی حیزبوڵڵا و بزووتنەوەی ئەمەل لەبەردەم کۆشکی دادی لوبنان کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان لە دژی دادوەری بەرپرس بە دۆسیەی رووداوی تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووتەوە دەربڕی.

تەقە لە هەر چەکدارێک دەکەین کە چەک رووبەرووی هێزەکانمان بەرزبکاتەوە یاخود لە ناوچەکەدا دەربکەوێت

هاوکات سوپای لوبنان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە:" لە کاتێکدا چووین  بۆ ناوچەی گرژی و ئاڵۆزییەکە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە تەقەمان لێکراوە، تەقە لە هەر چەکدارێک دەکەین کە چەک رووبەرووی هێزەکانمان بەرزبکاتەوە یاخود لە ناوچەکەدا دەربکەوێت".

چەند چەکدارێکی هێزە ئەمنییەکان لەسەر بەشێک لە باڵەخانەکانی ناوچەکە بە چەکی نیشانەشکێن تەقەیان لە خۆپیشاندەرەکان کردووە

لەلایەکی دیکەوە پێگە عەرەبییەکان باس لەوەدەکەن:" چەند چەکدارێکی هێزە ئەمنییەکان لەسەر بەشێک لە باڵەخانەکانی ناوچەکە بە چەکی نیشانەشکێن تەقەیان لە خۆپیشاندەرەکان کردووە".

تا ئێستا شەش کەس کوژراون و ٣٠ کەسی دیکەش بریندارن

بە گوێرەی زانیارییەکان لە ئێستادا گرژی و ئاڵۆزییەکان بەردەوامە و هێزێکی زۆری ئەمنی رەوانەی ئەو ناوچەیە کراوە کە پشێوییەکەی تێدایە، رێکخراوی خاچی سووری لوبنانیش لەبارەی زیانە گیانییەکانی ئەو رووداوەوە دەڵێت:" تا ئێستا شەش کەس کوژراون و ٣٠ کەسی دیکەش بریندارن".

لە مانگی ئابی ساڵی رابردوو، تەقینەوەیەک لە بەندەری بەیروت روویدا و بەهۆیەوە زیاتر لە ٢٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا و پێنج هەزار کەسیش بریندار بوون.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا