بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، توانیویانە سێ کەس بەتۆمەتی دزینی ماتۆڕسکیلێک و کەسێکی دیکەش بەتۆمەتی دزینی جەگێکی بەرزکەرەوەی بارهەڵگر، دەستگیربکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٤ی تشرینی یەکەم، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئیدارەی راپەڕین رایگەیاند:" لەسەر سکاڵای هاوڵاتییەک کە بە وتەی خۆی ماتۆڕسکیلی لێ دزراوە، هێزەکانمان لە نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی پشدەر دەستیانکرد بە لێکۆڵینەوە و دوای بەدواداچوون و بەدەستهێنانی زانیاری توانیان سێ کەس بەتۆمەتی دزینی ماتۆڕسکیلەکە دەستگیر بکەن و دەستیش گیرا بەسەر ماتۆڕسکیلەکەدا".
کەسێک بەتۆمەتی دزینی جەگێکی بەرزکەرەوە دەستگیرکراوە
ئاماژەی بەوەشداوە:" لەسەر سکاڵای هاوڵاتییەکی تر لە ناوچەی پیشەسازی قەڵادزێ کە بەوتەی خۆی جەگێکی لێ دزراوە کە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری لەسەر بەرزدەکرێتەوە، دوای بەدواداچوون و بەدەستهێنانی زانیاری توانرا تۆمەتباری ئەو تاوانە دەستگیربکرێت".
پۆلیسی راپەڕین ئەوەشی خستووەتەڕوو:" پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ هەردوو رووداوەکە کراوەتەوە و بەبڕیاری دادوەر و بەماددەی ٤٤٦ لە یاسایی سزادانی عێراقی سەرجەم تۆمەتبارەکان راگیراون و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامه".