وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئیسرائیل تاوانبار دەکات بەوەی پلانی
تێکدانی سەقامگیری لوبنانی داڕشتووە.
ئەمڕۆ هەینی ١٥ی تشرینی یەکەم سەعید خەتیبزادە وتەبێژی وەزارەتی
دەرەوەی ئێران رایگەیاند:" لەو باوەڕەداین حکومەتی و گەلی لوبنان تەنها بە
یەکڕیزی لەو پیلانە رزگاریان دەبێت کە وەک هەمیشە لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆیان
دروستکراوە".
بە وردیش چاودێری رووداوەکانی چەند رۆژی رابردووی ئەو وڵاتە دەکەین
ئاماژەی بەوەشکرد:" کۆماری ئیسلامی جەخت دەکاتەوە لە گرنگی
سەقامگیری و ئارامی لوبنان و بە وردیش چاودێری رووداوەکانی چەند رۆژی رابردووی ئەو
وڵاتە دەکەین".
ئەمەش لەکاتێکدایە دوێنێ کاتێک لایەنگرانی حیزبوڵڵا و بزووتنەوەی
ئەمەل لەبەردەم کۆشکی دادی لوبنان کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان لە دژی دادوەری
بەرپرس بە دۆسیەی رووداوی تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووتەوە دەربڕی، گرژی و ئاڵۆزی
لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا روویدا و بەهۆیەوە زیاتر لە پێنج کەس
کوژران و زیاتر لە ٣٠ کەسیش بریندار بوون.