د. بەرهەم ساڵح: پێویستە حکومەتی داهاتوو بتوانێت داواکارییە رەواکانی خەڵک جێبەجێ بکات

عێراق 19/10/2021

Alternate Text

د. بەرهەم ساڵح رایگەیاند، ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان هەنگاوێکی گرنگە بۆ پێکهێنانی پەرلەمان و دامەزراندنی حکومەتێکی کارا و کاریگەر کە بتوانێت داواکارییە رەواکانی خەڵک دابین بکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، ١٩ی تشرینی یەکەم، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لەمیانەی وەرگرتنی کارنامەی هەریەکە مارتن یاغر، باڵیۆزی ئەڵمانیا و پیتەر شتیپانیک، باڵیۆزی چێک لە عێراق رایگەیاند:" پێویستە ھەوڵە نێودەوڵەتییەکان یەکخرێت بە ئاڕاستەی ریشەکێشکردنی تیرۆر و گەندەڵی و پاراستنی ژینگە ".

دەقی راگەیەندراوی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق:

لەمیانی وەرگرتنی کارنامەی باڵیۆزانی نوێ..
 سەرۆک بەرهەم رایگەیاند: پێویستە ھەوڵە نێودەوڵەتییەکان یەکخرێت بە ئاڕاستەی ریشەکێشکردنی تیرۆر و گەندەڵی و پاراستنی ژینگە
 د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 19ی تشرینی یەکەمی 2021 لە کۆشکی سەلام لە بەغدا، کارنامەی ھەر یەک مارتن یاغر، باڵیۆزی ئەڵمانیا و پیتەر شتیپانیک، باڵیۆزی چێکی وەرگرت.
لەمیانی پێشوازیکردنی لە باڵیۆزانی ئەڵمانیا و چێک بەجیا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە کە عێراق بەگرنگییەوە دەروانێتە پەیوەندییە هاوسەنگەکانی لەگەڵ وڵاتان لەسەر بنەمای ھاریکاری ھاوبەشی ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی تیرۆر و ریشەکێشکردنی گەندەڵی و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوھەوا و پاراستنی ژینگە.
لە دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم ئەوەشی خستەڕوو کە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان هەنگاوێکی گرنگە بۆ پێکهێنانی پەرلەمان و دامەزراندنی حکومەتێکی کارای کاریگەر کە بتوانێت داواکارییە رەواکانی خەڵک بۆ ژیانێکی باشتر و خۆشگوزەران دابین بکات.
 ھاوکات دووپاتیکردەوە لەگرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتان لە رووی ئابووری و بازرگانی و پشتیوانی لە دەرفەتی وەبەرھێنان بە ئاڕاستەی بەھێزکردنی دووبارە بونیادنانەوە و گەشەپێدانی عێراق.
ھەر لە دیدارکەدا سەرۆک کۆمار ھیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆزانی نوێ خواست لەجێبەجێکردنی ئەرکە نوێیەکانیان، بەجۆرێک ببێتە مایەی بەھێزکردنی پەیوەندی دۆستانە و ھەماھەنگی نێوان عێراق و وڵاتەکانیان.
لەلای خۆیانەوە ھەردوو باڵیۆز ئەڵمانیا و چێک سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاڕاستەی سەرۆک کۆمار کرد، ھەروەھا پشتیوانی وڵاتەکانیان بۆ عێراق دووپاتکردەوە و جەختیشیانکردەوە لەپێویستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق لەبوارە جیاجیاکان، لەپێناو پتەوکردنی پەیوەندییە هاوبەشەکان.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا