وتەبێژی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند، هەیبەتوڵا ئاخوندزادە، سەرۆکی بزووتنەوەکە لە ئەفغانستانە و بەهۆی بوونی مەترسی لەسەر ژیانی دەرناکەوێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٠ی تشرینی یەکەم، ئەنەس حەقانی، وتەبێژی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند:" هەیبەتوڵا ئاخوندزادە، سەرۆکی بزووتنەوەی تاڵیبان لەژیاندایە و لە ئەفغانستان نیشتەجێیە و بەهۆی مەترسی هێرشکردنە سەری لەلایەن درۆنەکانی سوپای ئەمریکاوە دەرناکەوێت".
ئاخوندزادە تەندروستی زۆر باشە
حەقانی وتیشی:" نزیکەی ١٠ رۆژ بەر لەئێستا ئاخوندزادەم بینیوە و تەندروستی زۆر باشە".
هەیبەتوڵا ئاخوندزادە، ساڵی ١٩٦٠ لە ناوچەی پەنجوائی سەر بەویلایەتی قەندەهار لە ئەفغانستان لەدایکبووە و لەئێستادا رابەرایەتی بزووتنەوەی تاڵیبان دەکات و بەوە دەناسرێتەوە کە کەمترین دەرکەوتنی هەیە.