قوباد تاڵەبانی بۆ باڵیۆزی نوێی سوید: هاوکارمان بن لە پرۆسەی چاکسازی

کوردستان 21/10/2021

Alternate Text

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی نوێی سوید لە عێراق کۆبووەوە و داوایکرد حکومەتی ئەو وڵاتە زیاتر هاوکاربێت لە پرۆسەی چاکسازی لە حکومڕانی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢١ی تشرینی یەکەم، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یوناس لۆڤێن، باڵیۆزی نوێی سوید لە عێراق كۆبووەوە و دەربارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و پتەوکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەرێم و سوید گفتوگۆیان كرد.

لەکۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی داوایکرد حکومەتی سوید زیاتر هاوکاربێت لە پرۆسەی چاکسازی لە حکومڕانی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش لە بواری رێکخستنەوەی باجدا بەوپێیەی وڵاتی سوید لەم رووەوە لەسەر ئاستی جیهاندا لە ریزی وڵاتە پێشەنگەکانە.

حکومەتی سوید ئامادەیە تیمی پسپۆڕ بۆ کاری راوێژکاری رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات

لای خۆیەوە باڵیۆزی سوید ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ هاوکاری و ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی سوید ئامادەیە تیمی پسپۆڕ بۆ کاری راوێژکاری رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی قۆناغی دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق کرا و هەردوولا هاوڕابوون کە عێراق بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و هیوایان خواست لایەنە عێراقییەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە دانووستان بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و خزمەتگوزار کە لە ئاستی چاوەڕوانی هەموو پێکهاتەکانی عێراقدا بێت. لەم میانەیەشدا باڵیۆزی سوید ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی یارمەتی سەرجەم لایەنە عێراقییەکان بدات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا