وەزارەتی کشتوکاڵ: نرخی هێلکە گۆڕانکاری بەسەردادێت

کوردستان 22/10/2021

Alternate Text

وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم رایگەیاند، لیژنەیەکی هاوبەش بۆ دەستنیشانکردنی نرخ و رێکخستنی هاوردەکردن و هەناردەکردنی هێلکە پێکدەهێندرێت.

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم بڵاویکردەوە:" لە پێناو بەرژەوەندی هاوڵاتییان و خاوەن پڕۆژە پەلەوەرییەکان بڕیاردراوە لیژنەیەکی هاوبەش بۆ دەستنیشانکردنی نرخ و رێکخستنی هاوردەکردن و هەناردەکردنی هێلکەی خواردن پێکبهێندرێت ".

دەقی راگەیەندراوی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم:

وەزیری کشتوکاڵی هەرێم بڕیاریداوە لیژنەیەکی هاوبەش بۆ دەستنیشانکردنی نرخی و رێکخستنی هاوردەکردن و هەناردەکردنی نرخی هێلکەی خواردن پێکبهێنرێت کە ئامانج لێی گۆڕانکارییە لە میکانیزمی دیاریکردنی نرخەکەی بەجۆرێك بێت لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان و خاوەن پڕۆژە پەلەوەریەکاندا بگونجێت.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم لەگەڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و خاوەن پڕۆژە پەلەوەریەکانی سنوری پارێزگای هەولێر لەسەر نرخی هێلکەی خواردن کۆبوونەوە.

وەزیری کشتوکاڵ رایگەیاند، مەبەست لەو کۆبوونەوەیە پەرەپێدانی سێکتەری کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵ و کەمکردنەوەی رۆتین بووە بۆ زیاتر ساغکردنەوەی بەروبوومی جوتیارانی هەرێم لە ناوچەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق.

باسی لەوەشکردووە، لەرێگەی لیژنەیەکی هاوبەشەوە، میکانیزمی دەستنیشانکردنی نرخی هێلکە گۆڕانکاری بەسەردادێت و پێویستە بەجۆرێك بێت کە لەگەڵ واقیعی هاوڵاتیان و خاوەن پڕۆژە پەلەوەرییەکان بگونجێت.

چەند رۆژێك لەمەوبەر، بەگوێرەی راگەیەنراوێکی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ لەگەڵ خاوەن پڕۆژە پەلەوەرییەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە کۆبووەتەوە و ئامانج لەو کۆبوونەوەیە بەدواداچوونە لە گرانبوونی نرخی هێلکە.

ماوەیەکە نرخی هێلکە بەشێوەیەکی بەرچاو لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا بەرزبووەتەوە، وەزارەتی کشتوکاڵیش دەڵێت، بڕیاری لێخۆشبوونی گومرگیان بۆ هاوردەکردنی سۆیا و پرۆتین و کەمکردنەوەی کرێی کارەبا بۆ خاوەن پڕۆژەکان دەرکردووە تا نرخەکە ئاسایی ببێتەوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا