شەوی رابردوو، لە سنوورە ئاوییەکانی نێوان فەڕەنسا و بەڕیتانیادا، بەلەمێکی کۆچبەران کە هەڵگری ژمارەیەک کورد بوو ژێرئاوکەوت و بەهۆیەوە ٢٧ کەس کە ژن و منداڵیان تێدایە خنکان.
بە گوێرەی راپۆرتێکی ڤیدیۆیی کەناڵی 4 Newsی بەڕیتانی، کە کاتێک کۆچبەرەکان بەڕێکەوتوون بەرەو فەڕەنسا چاوپێکەوتنی لەگەڵدا ئەنجامداون، پەیامنێرەکە دەڵێت کە گروپەکە کوردن و پێکهاتوون لە ٢٠ پیاو، چوار ژن و چوار منداڵ، بەڵام ئەم ژمارانە جێی گومانن.
پەیامنێری کەناڵەکە دەڵێت کە کۆچبەرەکان بە بەرچاوی پۆلیسی فەڕەنساوە چوونەتە ناو بەلەمەکە بۆ ئەوەی بپەڕنەوە بۆ بەڕیتانیا، بەڵام ئەوان رێگرییان لێنەکردووە و تەنها سێریان کردوون.
دەڵێت خەڵکی کوردستانی عێراقین
لە ڤیدیۆکەدا بە روونی دەبیسترێت کە کۆچبەرەکان هاواردەکەن و بە کوردی دەدوێن، یەکێک لەو ژنە کوردانە بە پەیامنێرەکە دەڵێت" دوو شەو لە جەنگەڵدا ماوینەتەوە، منداڵمان پێیە و شیرمان پێنەبووە بۆیان، لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێرەکەدا کە دەڵێت خەڵکی کوێن، ئەو ژنە دەڵێت خەڵکی کوردستانی عێراقین".