وا بڕیارە سبەی ٤٠ کۆچبەری کورد کە لە لیبیا گیریان خواردوە بگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان و دەزگای لوتکە دەڵێت بە هەوڵی قوباد تاڵەبانی بووە.
ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری کۆچبەران رایگەیاندووە:" سبەی بە ھەوڵی قوباد تاڵەبانی ٤٠ کۆچبەری کورد لە لیبیاوە دەگەنەوە ھەرێمی کوردستان و کە خەڵکی سلێمانی و دەوروبەرین و ماوەیەکی زۆرە لای ھێزەکانی خەلیفە حەفتەر دەستبەسەرن".
ماوەی دوو مانگە دەستگیرکراون
ئەو کۆچبەرانە ژمارەیان ٤٠ کەسە و ھەموویان خەڵکی ھەرێمی کوردستانن، ماوەی دوو مانگە لە شاری بنغازی لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە دەستگیر کراون و بڕیارە سبەینێ بگەڕێنرێنەوە هەرێمی کوردستان.
بە گوێرەی زانیارییەکانی BMC، ئەو ژمارە کۆچبەرە، گەیشتنە فڕۆکەخانەی قاھیرە و لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی، مەلا یاسین نوێنەری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پێشوازیان لێ دەکات و سبەینێ بەڕێیان دەکات بۆ کوردستان و پاش نیوەڕۆی سبەی هەینی دەگەنەوە سلێمانی.