بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان
برینداربوونی کارمەندێکی بەڕێوەبەرایەتییەکەیانی راگەیاند.
ئەمشەو پێنجشەممە ٢٥ی تشرینی دووەم، شوان
محەمەد بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان رایگەیاند:" کەمێک پێش
ئێستا لە ناحیەی مەیدان ژمارەیەک راوچی لەکاتی راوکردندا بوون و تیمێکی پۆلیسی
دارستان و ژینگە رێگریان لێکردوون و لەوکاتەدا راوچییەک تەقەی لە تیمەکە کردووە و
کارمەندێکی پۆلیسی دارستانی بریندارکردووە".
بەهۆی سەختی برینەکەیەوە رەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی کراوە
ئاماژەی بەوەشکرد:" کارمەندە بریندارەکە گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار، بەڵام بەهۆی
سەختی برینەکەیەوە رەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی کراوە، هەروەها راوچییەکان
دەناسرێنەوە و دەزانرێت کێن، بەڵام دوای رووداوەکە هەڵاتوون و لە ئێستاشدا
دەستبەسەر ئۆتۆمبێلەکەیاندا گیراوە".