وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، ناهێڵن کۆچبەران بڕۆنە ژوورەوە و ئێمەش لە هەوڵداین کە ئەم خەڵکە بهێنینەوە عێراق.
لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵۆ، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەداوە:" یەکێتیی ئەورووپا رێگە بە کۆچبەران نادات بچنە ناو خاکی یەکێتییەکە و ئەوانە قوربانی ململانێی سیاسیی نێوان بێلاڕووس و یەکێتیی ئەورووپان".
هۆکارەکانی کۆچ زۆرن
وتیشی:" هۆکارەکانی کۆچ زۆرن، کۆچ شتێکی کۆنە و لەگەڵ مرۆڤایەتی هەبوو، بەڵام هۆکاری ئێستا چی بووە، ئەوە بەجێ دێڵم بۆ ئەو کەسانەی کە لەم بوارەدا لێیدەکۆڵنەوە، بەڵام ئێمە مامەڵە لەگەڵ دەرئەنجام دەکەین وەک حکوومەتی عێراق و وەزارەتی دەرەوە کە بینیمان ئەم کۆچبەرانە گەیشتنە بێلاڕووس و هەوڵیان دا بڕۆنە ناو لیتوانیا و دوایی پۆڵۆنیا. ئەو دەوڵەتانە نەیانهێشت و قبوڵیان نەدەکرد".
خۆیان گەیشتنە ئەو بڕیارە کە بێنەوە
لە درێژەی قسەکانیدا روونیشیکردووەتەوە:" ئێمە یەکسەر هەوڵماندا لەگەڵ ئەو کۆچبەرانە قسە بکەین و خەڵکمان ناردە سەفارەتەکانمان لەو دەوڵەتانە بۆ ئەوەی قسەیان لەگەڵ بکەن کە خۆیان گەیشتنە ئەو بڕیارە کە بێنەوە و زۆربەی زۆریان بە خواستی خۆیان بڕیاریان دا، ئەو کاتە ئێمە فڕۆکەمان نارد بۆ گەڕانەوەیان".
وەزیری دەرەوەی عێراق لەبارەی داهاتووی کۆچبەران دوای گەڕانەوەیان بۆ عێراق دەڵێت:" "ئەم خەڵکە دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئاوەدانکردنەوەی ناوچە جیاوازەکانی عێراق پەیوەندی بە دۆخی سیاسیی، ئابووریی و ئەمنیی عێراقەوە هەیە و ئەگەر دۆخی سیاسیی، ئابووریی و ئەمنیی عێراق باش بێت، ئەم خەڵکە هەوڵ نادات کۆچ بکات".