مستەفا کازمی بۆ نێچیرڤان بارزانی: پشتیوانی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەین

کوردستان 07/12/2021

Alternate Text

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان نێچیرڤان بارزانی و مستەفا کازمیدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق پشتیوانی هەوڵەکانی پێشمەرگەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دوپاتکردەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، ٧ی کانونی یەکەم، نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە:" ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجامدا و دوایین هەوڵەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش تاوتوێکرد ".

ئەوەش خراوەتەڕوو:" کازمی جەختی لەسەر پشتیوانیکردنی تەواوی هەوڵەکانی پێشمەرگە کرده‌وه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر، لەگەڵ هەماهەنگیی تەواو لەنێوان هێزە چەکدارەکانی عیراقدا به‌ پێشمەرگە و سوپا و هێزە ئەمنییەکانی دیکه‌وه‌، بەتایبەتيش لە ناوچەکانی بۆشایيی ئەمنیی نێوان هەردوولا ".

لە راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێم باس لەوەشکراوە:" سەرۆک وەزیران جەختیشی لەسەر پێویستیی کارکردن بۆ چالاککردنی لیژنە هاوبەشەکانی هەماهەنگی لەنێوان سوپای عیراق و پێشمەرگەدا کرده‌وه‌ بۆ بەرپەرچدانەوە و دەرکردنی پاشماوەکانی داعش و بنەبڕکردنیان کە لەسەر عیراق و کۆی ناوچەکە بوونه‌ته‌ مه‌ترسى ".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا