پسپۆڕێکی بواری خۆراک رایگەیاند، لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرمادا جەستەی مرۆڤ گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بۆیە پێویستە مرۆڤەکان لەو وەرزانەدا گرنگی زیاتر بە هەندێک خۆراک بدەن بۆ ئەوەی بەرگری لەشی لاواز نەبێت و هەست بە سەرما نەکات.
د. کامەران رەسوڵ ژاژڵەی پسپۆڕی بواری خۆراک، لەبارەی ئەو خۆراکانەوە کە پێویستە لە وەرزی زستان و پایزدا زیاتر گرنگی بە خواردنیان بدرێت، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد:" بەهۆی نزمی پلەی گەرما و دەستپێکی شەپۆلی سەرماوە، جەستەی مرۆڤ پێویستی زیاتری بە کۆمەڵێک خواردن و خواردنەوە هەیە بۆ بەهێزکردنی بەرگری لەش و خۆپاراستن لە پەتا و هەڵامەت، هەروەها بۆ نەهێشتنی هەست بە سەرما و ڕێگری کردن لە قەڵەوی ، کە گرنگترینیان ئەمانەن :
١ - میوە مزرەمەنیەکان و کێوی و هەنار و سێو ؛ دەوڵەمەندن بە ڤیتامین سی و ئەی و ماددە دژە ئۆکسانەکانی تر
٢ - سەوزە گەڵا تۆخەکان : وەک کەلەرم ، قەڕەنابیت ، نەعنا
٣ - پاقلەمەنیەکان : بە تایبەت شۆربای نیسک ، نۆکاو ، لۆبیا ، ماش
٤ - سیر و پیاز : بۆ بەهێزکردنی بەرگری جەستە چی بە کاڵی یا لە ناو چێشت ، هەروەها هەنگوینی سروشتی
٥ - زەنجەبیل : گرنگە بۆ کەمکردنەوەی ئاوسانی قوڕگ و کەمکردنەوەی هەوکردنی کۆئەندامی هەناسە و بەهێزکردنی بەرگری لەش ، ئەکرێ ڕۆژانە چای زەنجەبیل یا گیراوەی لێمو و زەنجبیل یا زەنجەبیل و لێمۆ و هەنگوین بخورێتەوە
٦ - خواردنەوەی چای گژوگیا وەک چای گوڵەبەیبوون، ڕازیانە ، گوڵەمێخەک ، زەنجەبیل ، چای سەوز لەبری ئەو خواردنەوەی بڕێکی زۆر ماددەی کەڤییان تێدایە وەک چا و قاوەی ڕەش بە تایبەت ئەگەر شەکری تێ بکرێت ، شەوان لە بری چا و قاوە کوپێک شیری گەرم یا چای گژوگیا بخۆرەوە
٧ - ماسی سەلموون و توونە و هەموو جۆرە ماسیەکانی تر بە بەرژاوی
٨ - سینگی مریشک و قەل و پەلەوەر ، هەروەها گۆشتی سووری بێ چەوری ( کاتی ڕێجیمی کیتۆ و هاۆشێوەکانی نەبێت )
٩ -دانەوێڵە تەواوەکان وەک ئاردی بۆر و برنجی بۆر و قاوەیی ، تۆووی شیا و شۆڤان لە بری ئاردی سپی و برنجی سپی
١٠ - چەرەسات : گوێز و بادەم و دەنکە کولەکەو گازۆ
١١ - خواردنی بڕی پێویست لە ماددە ڕێشاڵیەکان لە ڕێگای خواردنی سەوزە و میوە ڕۆژانە دوو بۆ سێ جار
١٢ - خواردنەوەی بڕی پێویست لە ئاو ڕۆژانە لە نێوان ژەمەکان لانی کەم زیاتر لە شەش پەرداخ ڕۆژانە" .