مەکتەبی سیاسی یەکێتی: هەوڵی سەرخستنی کاندیدەکەی خۆمان دەدەین، بەڵام لە ئێستاوە براوەین

کوردستان 25/01/2022

Alternate Text

ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەبارەی ململانێکانی ئەم دواییانەی پەیوەست بە پۆستی سەرۆککۆمار رایگەیاند، یەکێتی لەسەر هەمان سیاسەتی نیشتیمانیی خۆی لە پێناوی بەرژەوەندیی گشتی ئامادەیی رێککەوتن بوو، بە هەمان هەڵوێست و لە هەمان ڕوانگەشەوە ململانێی خۆی دەکات.

لە بڵاوکراوەیەکدا لە پەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبوک، ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵیت:" ناوەڕۆکی پڕۆسێسی دیموکراسی بریتیە لە ململانێی سیاسیی دوو یان چەند لایەنێکی جیاواز، ئەنجامی ململانێکەش بە هەڵبژاردن یەکلایی دەبێتەوە. لێرەدا، بەشێوەیەکی گشتی ئەوەندەی پڕۆسێسەکە بۆ بەرژەوەندیی گشتی گرنگە، ئەوەندە کێ دەیباتەوە و کێ دەیدۆڕێنێ نا".

ئاماژەی بەوەشداوە:" لە هەڵومەرجی ئێستای عێراق و کوردستان بابەتەکە جیاوازە؛ جیاوازە، چونکە ململانێی دوو هێزی سەرەکی کوردستانی لەسەر پۆستی سەرۆککۆماری توانا و کاریگەرییەکانی هەرێمی کوردستان لەناو دەوڵەتێک، کە هێشتا ئامادەنییە دەستورەکەی خۆی جێبەجێ بکا، کەم و پەرشوبڵا دەکاتەوە".
هەر لە نوسینەکەیدا، ناوبراو دەڵێت:" دەکرا، یاخود هێشتاش دەکرێ بڵێین هەردووکیان و هەموومان، بەڵام کە ئەوە نایتە دی، ئەبێ بپرسین: بۆچی؟ لە وەڵامدا دەڵێم:

یەکەم: بەشداریکردنی پارتی لە هاوپەیمانی صەدر – حەلبوسی بەجیا هۆکارێکە.
دووەم: گۆڕینی سیاسەتی پارتی بە ئاراستەی پێکهێنانی کابینەی زۆرینەی عێراقچێتی بە پێچەوانەی هەڵوێستی ڕابردووی هۆکارێکی دیکەیە.
سێیەم: هەوڵدان بۆ ملپێکەچکردن و بێ ئیرادەکردنی یەکێتیەکی کاریگەر، کە چەندین ساڵە هاوپەیمانیەتی و دەشزانێ هەژموون و کاریگەری ئەو هێزە بە ژمارەی کورسیەکانی نا خەملێندرێ، هۆکارێکی ترە.

ئارێز عەبدوڵا روونیشی دەکاتەوە کە بۆ یەکێتی دوو شت لە بردنەوەی پۆستەکە گرنگترن، ئەوانیش بریتین لە ئەوەی یەکێتی فێڵی لێنەکرا و هەر بەخاوەنی ویست و بڕیاری خۆی مایەوە، هەروەها دووەمیش ئەوەیە یەکێتی لەسەر هەمان سیاسەتی نیشتیمانیی خۆی لە پێناوی بەرژەوەندیی گشتی ئامادەیی رێککەوتن بوو، بە هەمان هەڵوێست و لە هەمان ڕوانگەشەوە ململانێی خۆی دەکات.
لە کۆتایی قسەکاندا، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی باس لەوەش دەکات:" ئێمە هەوڵی سەرخستنی کاندیدەکەی خۆمان دەدەین، بەڵام لە ئێستاوە براوەین، چونکە لە بنەڕەتەوە شەڕەكەمان تەنیا لەسەر پۆستەكە نییە، بەڵكۆ شەری ئیرادە و سەروەری یەكێتییە لەسەر هەمان بڕیار و هەڵوێستی جارانی".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا