کەشناسێکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە
چەند رۆژی داهاتوودا شەپۆلێکی مامناوەند بۆ چڕی خۆڵبارین هەرێمی کوردستان
دەگرێتەوە و ماوەی زیاتر لە ٢٤ کاژمێریش دەخایەنێت.
ئاراس جەبار کەشناسی دیاری هەرێمی کوردستان لە
راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد:" پێشبینیدەکرێت لە بەرەبەیانی رۆژی دووشەممەی
داهاتووەوە شەپۆلێکی مامناوەند بۆ چڕی خۆڵبارین هەرێمی کوردستان بگرێتەوە، کە لە
ئەنجامی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەکی هەوا لە دەریای ناوەڕاستەوە بەسەر ناوچەکانی
باکووری سوریا دێتە باکووری کوردستان و تورکیا، بەشی پێشەوەی شەپۆلەکەش لە نزمە
پاڵەپەستۆیەکی هەوای وشک پێکهاتووە و دەکەوێتەو نێوان سنووری عێراق و سوریا، کە
دەبێتەوە هۆی بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ و بە گوێرەی پێشبینییەکانیش بەرەبەیانی دوو
سبەی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینە دەگاتە هەرێمی کوردستان".
شەپۆلە خۆڵبارینەکە زیاتر لە ٢٤ کاتژمێر دەخایەنێت
ئەوەشیخستەڕوو:" بە گوێرەی پێشبینییەکان
شەپۆلە خۆڵبارینەکە زیاتر لە ٢٤ کاتژمێر دەخایەنێت و بەیانی رۆژی سێشەممە کۆتایی
پێدێت".