هەڵمەتێک بۆ دوورخستنەوەی حەلبوسی راگەیەندرا

عێراق 14/05/2022

Alternate Text

ئەندامێکی سەربەخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لە ئێستادا لەنێو ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران واژۆ بۆ دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دەستیپێکردووە، ئەوەش دوای ئەوەی چەند هەڵسوکەوتێکی نادەستووری بەرامبەر باسم خەشان ئەندامی سەربەخۆی ئەنجومەنەکە کرد.

 هادی سەلامی ئەندامی سەربەخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد:" لە ئێستادا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەڵمەتێک بۆ دەستپێکێشانەوەی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دەستپێکردووە و تاوەکو ئێستاش بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنەکە واژۆیان بۆ لەکارکێشانەوەی حەلبوسی کردووە".

حەلبوسی هەڵسوکەوتی نادەستووری ئەنجامداوە

ئەوەشیخستەڕوو:" هۆکاری راگەیاندنی هەڵمەتەکە دەگەڕێتەوە بۆ هەڵسوکەوتە نادەستوورییەکانی حەلبوسی بەرامبەر باسم خەشان و پارێزگاریکردن لە پێگەی ئەندامانی ئەنجومەنەکە".

باسم خەشان تاوەکو داوای لێبوردن نەکات رێگەی پێنادرێت لە پەرلەمان قسە بکات

ئەمەش لەدوای ئەوەدێت، رۆژی چوارشەممەی رابردوو محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە پەراوێزی کۆبوونەوەی پەرلەماندا رایگەیاند:" رێگە بە باسم خەشان نادرێت بەشداری هیچ کام لە لیژنە پەرلەمانییەکان بکات، لەگەڵ ئەوەش مافی قسەکردنی پێنادرێت لەم وەرزەی یاسادانانی پەرلەماندا، تاوەکو ئەو کاتەی داوای لێبوردن لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات لەسەر دەنگ بەرزکردنەوەکەی لە هۆڵی ئەنجومەنەکە".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا