سەرۆکە نوێیەکەی ئیماڕات کێیە؟

جیهان 14/05/2022

Alternate Text

دوای ئەوەی دوێنێ خەلیفە شێخ زاید ئەلنیهان سەرۆکی ئیماڕات لە تەمەنی ٧٤ ساڵیدا کۆچی دوایکرد، ئەمڕۆ محەمەد شێخ زایدی کوڕی بۆ شوێنگرەوەی پۆستەکەی لەلایەن ئەنجومەنی باڵای ئەو وڵاتەوە هەڵبژێردرا.
محەمەد شێخ زاید ئەلنیهان لە مانگی ئازاری ساڵی ١٩٦١ لە ناوچەی " ئەلعەین" لە ئیماڕات لە دایکبووە، سێیەم کوڕی شێخ زاید سوڵتان ئەلنیهان یەکەم سەرۆکی ئیماڕاتە لە سێیەم ژنی بە ناوی فاتیمە شێخ موبارەک ئەل کەتیب،
محەمەد بن زاید خاوەنی ١٤ برا و ١١ خوشکە کە دوو لە براکانی لە ژیاندا نەماون
محەمەد شێخ زاید لە تەمەنی ١٠ ساڵی خرایە بەر خوێندن بەڵام لەلایەن باوکییەوە ناسنامەی خێزانەکەی و پێشگری شێخی لێسەندرایەوە تا وەک هاوڵاتییەکی ئاسایی بخوێنێت،
ئەویش هەر وەک  هەر خوێندکارێکی دیکەی ئاسایی درێژەی بە خوێندنەکەی داوە، بۆ پەیداکردنی پێداویستییەکانی رۆژانەشی ناچاربووە وەکو کارمەند لە چێشتخانەکاندا کاربکات و رۆژانە خۆی بە دەستی خۆی جلەکانی بشوات و خواردن ئامادەبکات، زۆرینەی کاتەکانیش بە تەنها بەسەربردووە،
دواتریش کە خوێندنی سەرەتایی تەواوکردووە، باوکی رەوانەی کۆمەڵگەیەکی ئایینی ئیسلامی کردووە بە ناوی " عیزەدین ئیبراهیم" تاوەکو ساڵی ١٩٧٩ لەسەر دەستی مامۆستایانی ئایینی و زانایان خوێندوویەتی.
دواتر چووەتە کۆلیژی سەربازی شاهانەی ساندهێرست لە بەڕیتانیا و توانیوویەتی سەرجەم خولەکانی سوپا بە سەرکەوتووی تێبپەڕێنێت و هەر لەوێش هاوڕێیەکی نزیکی بەناوی سوڵتان عەبدوڵا پەیداکرد کە ئێستا پاشای مالیزیا-یە.
لە ساڵی ١٩٨١ لەگەڵ شێخ سەلما شێخ حەمدان هاوسەرگیری ئەنجامدا کە یەکێکە لە خزمە نزیکەکانی خێزانەکەیان و لە ئێستادا خاوەنی نۆ منداڵن کە چواریان کوڕە و پێنجیان کچن.
لە ساڵی ٢٠٠٥یشدا وەک جێگری فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئیماڕات دیاریکرا.
دۆست و نەیارەکانی کێن؟
سەرۆکە نوێیەکەی ئیماڕات دوژمن و نەیاری ئیخوان موسلیمین و ئیسلامی سیاسییە.
قەیس سوعەیدیشی بە دۆستی خۆی دەزانی و پشتیوانی کودەتاکەی لە تونس دژی حزبی نەهزەی ئیسلامی کرد کە سەر بە ئیخوان موسلیمین بوون،
هەر خۆشی رێکخەری کودەتاکەی عەبدولفەتاح سیسی بوو لە میسر دژی محەمەد مورسی، 
دۆستێکی دیکەشی  بریتییە لە بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا و پشتیوانی دەکات.
ئەمڕۆش، دوای کۆچی دوایی خەلیفەی برای لە تەمەنی ٧٤ ساڵیدا، وەک سەرۆکی نوێی ئیماڕات و سێیەم سەرۆک لە مێژووی وڵاتەکەدا دیاریکرا.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا