پزیشکێکی نەخۆشییەکانی هەناوی باسی لەوەکرد، خەوتن لە شوێنی رووناک لە
کوالێتی خەوتنەکە کەمدەکاتەوە و دەبێتە هۆی توشبوون بە چەندین نەخۆشی، بەڵام
باشتروایە کەسانی بەتەمەن لە شوێنی زۆر تاریکدا نەخەون.
جیۆرجی سابیگۆ، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناوی بە ئاژانسی هەواڵی
"سپۆتنیک"ی روسی راگەیاندووە:" سەیرکردنی تەلەفزیۆن و شاشەی مۆبایل
بۆ ماوەیەکی زۆر، هەروەها خەوتن لە شوێنی رووناکدا لە کوالێتی خەوتنەکە
کەمدەکاتەوە و وادەکات کەسەکە بۆ رۆژی دواتر بەبەردەوامی خەواڵووبێت ".
ئەوەشی خستووەتەڕوو:" خەوتن لەشوێنی رووناک مەترسی توشبوون بە
نەخۆشییەکانی دڵ و دەمارەکان زیاد دەکات، تەنانەت دەبێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشی
شەکرەی جۆری دووەم ".
ئەو پزیشکە رووسییە ئاماژەی بەوەشکردووە:" باشتروایە کەسانی بەتەمەن
لە شوێنی زۆر تاریکدا نەخەون، بۆ ئەوەی بتوانن شەوان لەکاتی هەستان لەخەو بۆ
تەوالێتکردن، یان ئاوخواردنەوە نەکەون و زیانیان پێنەگات، لەبەر ئەوەی زۆربەی
بەتەمەنەکان بینایی چاویان لاوازە ".