دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە رووداوێکی
هاتوچۆدا لەسەر رێگای
زەڕایەن- دەربەندیخان دوو هاوسەر گیانیان لەدەستدا، کە پیاوەکە ئەفسەرە بە پلەی
رائید لە وەزارەتی پێشمەرگە.
لەوبارەیەشەوە، سامان نادر بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای
سلێمانی بە BMC راگەیاند:" رووداوەکە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەسەر رێگای دەربەندیخان و زەڕایەن
روویداوە، ئۆتۆمبێلێک بووە دوو هاوسەری تێدابووە، خۆی کێشاوە بە راگرێکی رێگاکەدا
و هەردووکیان گیانیان لەدەستداوە".
رائیدەکە تەمەنی ٥٤ ساڵە
سەبارەت بە
ناسنامەی دوو هاوسەرەکە ئەوەشیخستەڕوو:"پیاوەکە، کە لەهەمان کاتدا شۆفێرەکە بووە
ناوی( م. ح)ە، تەمەنی ٥٤ ساڵە و ئەفسەرە بە پلەی رائید لە وەزارەتی پێشمەرگە،
بەڵام ناسنامەی هاوسەرەکەی نەزاندراوە و تاوەکو ئێستاش نەتوانراوە کەسوکاریان
بدۆزرێتەوە".
ئەوەشیخستەڕوو:"
لە ئێستادا تەرمی دوو هاوسەرەکە، رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراون و داواش لە
کەسوکاری ئەو دوو هاوسەرە دەکەین، سەردانی پەیمانگای پزیشکی داد بکەن و
تەرمەکانیان وەربگرنەوە".
بە گوێرەی وتەی کەسوکاری پیاوەکەش بۆ BMC:" ئەو ئەفسەرەی لە رووداوەکەدا گیانی لەدەستداوە، ئەمساڵ خانەنشینبووە و خاوەنی دوو هاوسەرە، ئەو هاوسەرەشی لە رووداوەکەدا لەگەڵیدا بووە هاوسەری یەکەمییەتی".