بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئیدارەی راپەرین رایگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ منداڵێکی تەمەن شەش ساڵان کە دانیشتووی گەڕەکی ئاشتی قەزای قەڵادزێیە بە شوێنەواری فیشەکەوە گەیەندرایە نەخۆشخانە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئیدارەی راپەڕین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد:" دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، منداڵێکی تەمەن شەش ساڵ بەناوی ( م. هـ. هـ) لە رەگەزی نێر، کە دانیشتووی گەڕەکی ئاشتی قەزای قەڵادزێیە، بە شوێنەواری فیشەکەوە بەسەر جەستەیەوە گەیەندرایە نەخۆشخانە".
بەوتەی باوکی منداڵەکە کە بە سەردان چووەتە ماڵی باوکی خۆی لە گوندی بادین و بێموش،" لە کاتی پاککردنەوەی چەکێکی جۆری دەمانچە لە جۆری (میکارۆڤ)، فیشەک لە دەستی دەرچووە و بەر کوڕە شەش ساڵانەکەی کەوتووە".
پەڕاوەی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە رێکخراوە
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەشیخستەڕوو:" دوای ئەوەی چارەسەری سەرەتایی بۆ منداڵەکە کراوە، رەوانەی نەخۆشخانەی رانیە کراوە و لە ئێستاشدا دۆخی تەندروستی جێگیرە، هەروەها پەڕاوەی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکەش رێکخراوە".