کوردێک دوای ١٠ مانگ بەپێ رۆشتن گەیشتە مەدینە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج

هەمەرەنگ 27/05/2022

Alternate Text

هاوڵاتییەکی کوردی دانیشتووی وڵاتی بەڕیتانیا بەناوی ئادەم محەمەد کە تەمەنی ٥٢ ساڵە و باوکی دوو منداڵە، ساڵی رابردوو بڕیاریدا گەشتێکی شەش هەزار و ٥٠٠ کیلۆمەتری لە بەڕیتانیاوە بۆ مەککە لەگەڵ عەرەبانەکەی بەپێ ئەنجامبدات و ئەمڕۆش دوای زیاتر لە ١٠ مانگ بەپێ رۆشتن توانی بگاتە مەدینە و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەستبکات بە بەجێگەیاندی فەریزەی حەج.
ئادەم محەمەد ئەندازیاری کارەبایە و ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە لە وڵاتی بەڕیتانیا نیشتەجێیە، لەبارەی بڕیاری ئەنجامدانی گەشتەکەشیەوە دەڵێت:" رۆژێک لەخەو بە ئاگاهاتمەوە و بڕیارمدا گەشتێک بەرەو مەککە بەپێ ئەنجامبدەم، بە ئامانجی ئەوەی خوای گەورە لە تاوانەکانم خۆشبێت و دڵ و دەروونم بە ئایینی ئیسلام رووناک بکاتەوە".
ئادەم لە گەشتەکەیدا بە تەنها نییە، بەڵکو عەرەبانەیەکی لەگەڵ خۆیدا بردووە کە سەرجەم لاکانی بە چەندین وێنەی مەککە نەخشاندووە و بۆ هەڵگرتنی کەلوپەلەکانی بەکاریدەهێنێت، شەوانیش تێیدا دەخەوێت، هەروەک لە ماڵپەڕی " عەرەب نیوز" ئاماژەی پێکراوە.

هاوڵاتییان خواردن و جلوبەرگیان داوەتە ئادەم 

ئادەم دەشڵێت:" رۆژانە هاوڵاتییانی نەتەوە جیاوازەکان خواردن، جلوبەرگ و پارەم بۆ دەهێنام و هیوای لەش ساغییان بۆ دەخواستم، لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر هانیان دەدام کە گەشتەکم بە سەرکەوتووی ئەنجامبدەم و عەرەبانەکەیان لەگەڵدا پاڵدەنام، کە ئەمانە هەمووی هۆکاربوون بۆ ئەوەی بتوانم دوای زیاتر لە ١٠ مانگ بگەمە وڵاتی سعودییە و گەشتەکەم بە سەرکەوتووی ئەنجامبدەم".

ئادەم رۆژانە لەگەڵ عەرەبانەکەیدا نزیکەی ١٨ کیلۆمەتری بەپێ بڕیووە

ئادەم لە میانەی گەشتەکەیدا، سەردانی وڵاتەکانی نەمسا، هۆڵەندا، ئەڵمانیا، بولگاریا، تورکیا، سوریا و ئەردەنی کردووە و رۆژانە لەگەڵ عەرەبانەکەیدا نزیکەی ١٨ کیلۆمەتری بەپێ بڕیووە.
ئادەم پەیامێکیش ئاڕاستەی موسوڵمانان دەکات و دەڵێت:" تکایە بووەستن لە ئازاردانی یەکتر و قسە هەڵبەستن بە خراپە، ئێمە هەموومان مرۆڤین و دوای ئەوەش هەموومان موسوڵمانین، ئێمە برا و خوشکی یەکین و نابێت قەت بە هەڵە بڕیار لەسەر کەسی بەرامبەر بدەین، هەموو مرۆڤێک بە تاقیکردنەوەیەکی خودای گەورەدا تێدەپەڕێت بۆ ئەوەی دەریبخات کە ئایا شایەنی ئەوەیە بە بەهەشت پاداشت بدرێتەوە یاخود نا، بۆیە باشترین و بەڕێزترین رەفتار و رەوشتەکانمان نیشانی چواردەورمان بدەین و رەزامەندی خودا بۆ چوونە بەهەشتمان بەدەستبهێنین".
شایەنی باسە، کاتێک ئادەم گەیشتە شاری مەدینەی سعودییە لەلایەن ئەیاد بن رەمیح ئەلموهەید راوێژکاری کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەندامی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، راوێژکاری نێودەوڵەتی رێکخراوی نێودەوڵەتی پاراستنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا بە گەرمی پێشوازی لێکراو لە ئێستادا لەلایەی ئەو ماوەتەوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا