بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی دەستگیرکردنی بازرگانێکی ماددەی
هۆشبەری راگەیاند و دەستیشیانگرت بەسەر بڕی ٣٢ کیلۆ ماددەی هۆشبەردا لە جۆری
کریستاڵ.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لە
راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد:" لە درێژەی ھەڵمەتەکانی بەگژداچوونەوەی
بازرگانیکردن و بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر، ھێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای
سلێمانی ، لەسەر راسپاردە و رێنماییەکانی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم و بە فەرمانی
دادوەر، شەوی رابردوو چوارشەممە لەسەر رێگەی سەرەکی نزیک ( گەڕەکی تاسڵوجە )ی شاری
سلێمانی، پاش کۆکردنەوەی زانیاری و چاودێریکردنی وورد، رووبەڕووبوونەوەی ھێزەکانی
ئاسایش لەگەڵ تۆمەتبار و دروستبوونی تەقە ، توانیان بازرگانێکی ماددەی ھۆشبەر بەناوی
( ھ، ر، ب ) دەستگیربکەن".
دەستگیراوە بەسەر بڕی ٣٢ کیلۆ ماددەی هۆشبەردا
ئەوەشی خستەڕوو:" لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەدا
توانراوە دەستبگیرێت، بەسەر بڕی ( ٣٢ ) کیلۆ ماددەی ھۆشبەر لە جۆری کریستاڵ ، کە تۆمەتبار
لەدەرەوەی ھەرێمی کوردستان ھێنابوویە ناو شاری سلێمانی پلانی هەبووە بیباتە شاری ھەولێر،
بەڵام پێش بەئامانج گەیاندنی کارەکەی ، دەستگیرکرا، لە ئێستاشدا تۆمەتبار بەپێی
ماددەی ( ٢٥ ) لە یاسای ماددە ھۆشبەرەکان راگیراوە".
راشیگەیاند:" داوای لێبوردن لە ھاوڵاتییانی شاری سلێمانی
بەگشتی و ھاوڵاتیانی ( گەڕەکی تاسڵوجە ) بەتایبەتی دەکەین، کە لەکاتی دەستگیرکردنی
تۆمەتبارەکەدا، بۆماوەیەکی کاتی تەقە دروست بووە".
ھەمیشە ھەوڵەکانمان بۆ سەقامگیری و ئاسایش و ئارامی بەردەوامە
لە راگەیەندراوەکەدا جەختیشیکردەوە:"ھەموو لایەک
ئاگاداردەکەینەوە کە ئێمە وەک ئاسایش ھەمیشە ھەوڵەکانمان بۆ سەقامگیری و ئاسایش و
ئارامی بەردەوامە ، گەرچی ھەندێکجار دۆخەکە وادەخوازێ کە تەقە دروستببێت".