بریکاری وەزارەتی تەندروستی: ئەو بڕە پارەیەی بۆ رووبەڕوبوونەوەی کۆلێرا تەرخانکرا دابیننەکراوە

کوردستان 23/06/2022

Alternate Text

بریکاری وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، ئەو بڕە پارەیەی بۆ رووبەڕوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا لە هەرێمی کوردستان تەرخانکرا، نووسراوی فەرمی بۆکراوە و ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دابیننەکراوە.

 رهێڵ فەرەیدون بریکاری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە گرتنەبەری رێککاری پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" لیژنەی باڵا بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا لە هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی وەزیر و بەڕێوەبەرایەتییەکان دروستکراوە و رێککاری پێویستیش لەوبارەیەوە گیراوەتەبەر".

ئاماژەی بەوەشکرد:" ئەو بڕە پارەیەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا تەرخانکراوە، نووسراوی فەرمی بۆکراوە و ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی کراوە، بەڵام تاکو ئێستا دابیننەکراوە".

رێژەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە سلێمانی جێگەی مەترسی نییە

سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا لە پارێزگای سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو:" رێژەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە سلێمانی جێگەی مەترسی نییە و تاوەکو ئێستا لە کۆنترۆڵ دەرنەچووە، ئەوەی پێویستیشە بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە ئەنجامبدرێت، رەچاوکردنی خاوێنییە لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا".
بریکاری وەزارەتی تەندروستی جەختیشیکردەوە:" مەرج نییە هەر کەسێک تووشی سکچوون و رشانەوە بوو، توشبووی نەخۆشی کۆلێرا بێت، بەڵکو دەبێت ئەو نەخۆشییە لە رێگەی پشکنینەوە پشتڕاستبکرێتەوە".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا