وادەی دابەشکردنی مووچەی ئەم مانگە راگەیەندرا.. چەند وەزارەتێک دوای جەژن مووچە وەردەگرن

کوردستان 25/06/2022

Alternate Text

وابڕیارە لە رۆژی یەکشەممەی داهاتووەوە دەستبکرێت بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەران و تاوەکو رۆژێک پێش جەژنی قوربان مووچەی زۆرترین وەزارەت و دەستە دابەشبکرێت.

 سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمەوە بە BMC راگەیاند:" بە گوێرەی ئەو لیستەی لەلایەن گەنجینەکانەوە ئامادەکراوە، وا بڕیارە لە رۆژی یەکشەممەی داهاتووە، دەستبکرێت بە دابەشکردنی مووچەی ئەم مانگە و یەکەم وەزارەتیش کە مووچە وەردەگرێت، وەزارەتی تەندروستی دەبێت".
ئەوەشی خستەڕوو:" دابەشکردنی مووچە تاوەکو رۆژێک پێش جەژنی قوربان کە رۆژی هەینی ٨ی تەموز دەکات بەردەوام دەبێت، بەڵام بەهۆی نزیکبوونەوە لەو جەژنە مەحاڵە بتواندرێت مووچەی سەرجەم وەزارەت و دەستەکان پێش جەژن دابەشبکرێت". 

بەشێک لە وەزارەت و دەستەکان دوای جەژن مووچە وەردەگرن

جەختیشیکردەوە:" بە گوێرەی پێشبینییەکان و ئەو کاتەی لەبەردەستدایە تاوەکو پێش جەژنی قوربان، رەنگە بتواندرێت مووچەی هەر یەک لە ( تەندروستی، وەزارەتی پەروەردە، یەكەكانی ٧٠ و ٨٠، دارایی و ئابووری، بەڕێوەبەرایەتی گشتی رەگەزنامە، بەڕێوەبەرایەتی دامودەزگا نەوتییەكان، ناوخۆ، هێزی زێرەگانی و فەرماندەی بەرگری و فریاكەوتن، پێشمەرگە، كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان، زیندانییە سیاسییەكان و وەزارەتی كاروباری شەهیدان ) دابەشبکرێت و ئەو دەستە و وەزارەتانەشی کە دەمێنێتەوە دوای جەژنی قوربان مووچە وەردەگرن".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا