سەرۆک وەزیرانی سوید: پەکەکە رێکخراوێکی تیرۆریستییە

جیهان 27/06/2022

Alternate Text

ماگدەلینا ئەندێرسن سەرۆک وەزیرانی سوید رایگەیاند، پەکەکە لە وڵاتەکەیان وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێندراوە و لە ئێستادا کار بۆ ناردنەوەی ئەو گەریلایانە بۆ تورکیا دەکەن، کە لە سوید نیشتەجێن.

 ماگدەلینا ئەندرێسن سەرۆک وەزیرانی سوید لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە رێگرییەکانی تورکیا لە بوونی سوید و فینلەندا بە ئەندامی ناتۆ ئاماژەی بەوەکرد:" تورکیا چەند پرسێکی هەستیاری لە بەردەم داواکارییەکانمان بۆ بوون بە ئەندام لە ناتۆ وروژاندووە و هیوادارین لە ئایندەیەکی نزیکدا لەسەر ئەو پرسانە لەگەڵ تورکیا بگەینە رێککەوتن".
ئەوەشی خستەڕوو:" هیوادارم لە کۆبوونەوەی سبەینێ لوتکەی ناتۆ لە ئیسپانیا گرفتەکانی بەردەم ئەندامبوونی سوید و فینلەدا لە ناتۆ چارەسەبکرێت و پرۆسەی ئەندامبوونەکە خێراتربکرێت".

پەکەکە لە لیستی تیرۆری یەکێتی ئەوروپادایە

سەبارەت بە هەڵوێستی سوید لەبارەی پەکەکەوە راشیگەیاند:" پەکەکە لە لیستی تیرۆری یەکێتی ئەوروپادایە، بۆیە لە سویدیش وەک تیرۆریست مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، لەو چوارچێوەیەشدا لە ساڵی رابردووەوە چەندین جار یاساکانمان بۆ رێگریکردن لە تیرۆر توندتر کردووەتەوە، هەروەها دەستووری وڵات هەموارکراوەتەوە و سزای توند بۆ ئەو کەسانە دیاریکراوە کە هاوکاری تیرۆریستان دەکەن".

سوید پەناگەیەکی ئارام نییە بۆ تیرۆریستان

سەرۆک وەزیرانی سوید روونیشیکردەوە:" سوید هاوشێوەی وڵاتانی ناو هاوپەیمانی ناتۆ دژی تیرۆریستە و هیچ کات پەناگەیەکی ئارام نەبووە بۆ تیرۆریستان".
باسیلەوەشکرد:" ئەو کەسانەی تورکیا بە پاساوی ئەوەی تیرۆریستن داوایکردن، رادەستی لایەنی پەیوەندیدارمان کردووە، بۆ ئەوەی بە گوێرەی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدابکرێت و لە سوید دەربکرێن".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا