لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، کۆمەڵەی وڵاتانی G7 سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر مۆڵێکی بازاڕگەی لە ئۆکرانیا لەلایەن روسیاوە دەکەن و بە کارێکی قێزەون ناوی دەبەن.
سەرکردەی وڵاتانی کۆمەڵەی G7 کە لە ئێستادا لە ئەڵمانیان بۆ کۆبوونەوە لەبارەی هێرشەکەی دوێنێی هێزی ئاسمانی روسیا بۆسەر ناوەندێکی بازاڕکردن لە شاری کرێمێنچوک کە تێیدا ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی بوونە قوربانی، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا رایانگەیاند:" هێرشەکە کارێکی قێزەونە و هێرشکردنە سەر هاوڵاتییانی مەدەنی تاوانی جەنگە".
وتیشیان:" هاوخەمی گەلی ئۆکرانین بۆ ئەو کەسانەی بەهۆی هێرشەکەوە گیانیان لەدەستدا و بوونەتە قوربانی، پوتین و ئەوانەی تێوەگلاون لە هێرشەکە بە بەرپرسیار دەزانین".
شایەنی باسە، پێشتریش سەرکردەی ئەو وڵاتانە رایانگەیاند کە تا ئەو کاتەی پێویست بێت پشتگیری ئۆکرانیا دەکەن و لە رووی سەربازی و بەرگریەوە هاوکاریی دەکەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنی ڤۆڵۆدیمێر زێلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند کە هێزی ئاسمانی روسیا ناوەندێکی بازاڕکردنیان کردووەتە ئامانج کە نزیکەی هەزار خۆیان تێدا حەشارداوە و بەهۆی هێرشەکەشەوە ١٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.