پیاوێک لەلایەن هاوسەر و کوڕەکەیەوە کوژرا

عێراق 29/06/2022

Alternate Text

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەربەلا رایگەیاند، دوای ئەوەی تەرمی پیاوێکیان دۆزیوەتەوە دەرکەوتووە کەوا لەلایەن هاوسەر و کوڕەکەی خۆیەوە کوژراوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەربەلا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند:" دوای ئەوەی تیمەکانمان ئاگادارکرانەوە لە بوونی رووداوێکی کوشتن لە ناوچەی ئەلموجسات لە قەزای حوسەینییە، دەستبەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد".

 تەرمی پیاوێکیان دۆزییەوە کە ئاسەواری فیشەک بەسەر جەستەیەوە بوو

ئاماژەی بەوەشکرد:" دوابەدوای گەیشتنی تیمەکانمان بە شوێنی مەبەست، تەرمی پیاوێکیان دۆزییەوە کە ئاسەواری فیشەک بەسەر جەستەیەوە بوو، بە لەبەرچاوگرتنی هەستیاری کەیسەکە، تیمێکی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکهێندرا".

دانیان بە تاوانەکەیاندا نا و بە وتەی خۆیان، لەگەڵ کوژراوەکەدا ناکۆکی کەوتووەتە نێوانیانەوە و بەوهۆیەشەوە کوشتوویانە

باسیلەوەشکرد:" دوای تێپەڕینی چەند کاتژمێرێک و کۆکردنەوەی بەڵگە و زانیارییەکان، تیمی لێکۆڵینەوە هاوسەر و کوڕی قوربانییەکەیان وەکو تۆمەتبار دەستنیشانکرد، دوای دەستگیرکردنیشیان  دانیان بە تاوانەکەیاندا نا و بە وتەی خۆیان، لەگەڵ کوژراوەکەدا ناکۆکی کەوتووەتە نێوانیانەوە و بەوهۆیەشەوە کوشتوویانە، لە ئێستاشدا بە فەرمانی دادوەر تۆمەتبارەکان راگیراون و دەستبەسەر ئەو چەکەشدا گیراوە کە تاوانەکەی پێ ئەنجامدراوە".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا