دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا رێگرییەکانی وڵاتەکەی
لەبەرامبەر بە ئەندامبوونی وڵاتانی سوید و فینلەندا لە هاوپەیمانی ناتۆ هەڵپەسارد،
ئەو هاوپەیمانییە بانگهێشتی ئەو دوو وڵاتەکە بۆ بوون بە ئەندام لە
هاوپەیمانێتییەکە دەکات.
بە گوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەی لوتکە
ناتۆ کە ئەمڕۆ لە شاری مەدرید-ی وڵاتی ئیسپانیا بەڕێوەچوو،" لە کۆبوونەوەکەدا
بڕیاردراوە بانگهێشتی فینلەندا و سوید بۆ بوونە بە ئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆ
کراوە، هەروەها سەرجەم ئەندامانی هاوپەیمانییەکە رەزامەندیان نیشانداوە سەرجەم
نووسراوەکان لەبارەی بە ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە لە ناتۆ واژۆبکەن".
ئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە هاوپەیمانی ناتۆ هاوپەیمانێتییەکە بەهێز و تۆکمەتر دەکات
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو:" ئەندامبوونی
سوید و فینلەندا لە هاوپەیمانی ناتۆ، هاوپەیمانێتییەکە بەهێز و تۆکمەتر دەکات و
دەبێتە هۆی سەپاندنی سەقامگیری زیاتر لە وڵاتانی رۆژئاوا".
ئاماژەبەوەشکراوە:" روسیا یەکێکە لە
هەڕەشە گەورەکان بۆ سەر هاوپەیمانی ناتۆ و دەبێت سەرجەم وڵاتەکان پێکەوە بە
هەماهەنگی کاربکەن، بۆ ئەوەی دەستدرێژییەکانی روسیا لە ئۆکرانیا
سنوورداربکرێت".
ئەمەش لەدوای ئەوەدێت، تورکیا کە یەکێکە لە
ئەندامانی هاوپەیمانانی ناتۆ، لە دژی بڕیاری بە ئەندامبوونی فینلەندا و سوید لە
هاوپەیمانی ناتۆ وەستایەوە و رایگەیاند، ئەو دوو وڵاتە شایەنی ئەوەنین ببنە
ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆ، چونکە داڵدەی تیرۆریستانی وەک پەکەکە دەدەن.