وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی دڵنیایی دەداتە هاوڵاتییان ئەم هاوینە دووچاری کێشەی نەبوونی ئاو نابنەوە و دەڵێت، بڕی پێویست ئاو بۆ پارێزگای سلێمانی دابینکراوە.
ئامانج جەلال وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە بوونی بڕی ئاوی پێویست بۆ پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد:" دڵنیایی دەدەنە دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی ئەم هاوینە دووچاری کێشەی کەمی ئاو نابنەوە و بڕی پێویست ئاو بۆ سلێمانی دیاریکراوە".
هەندێک جار بەهۆی کێشەیەکەوە یاخود بەهۆی شکاوییەکەوە لە بۆری و پەمپەکاندا ئاوی ژمارەیەک گەڕەک دەبڕدرێت
سەبارەت بەو گەڕەکانەی کە هەندێک کات ئاویان دەبڕدرێت ئەوەشی خستەڕوو:" هەندێک جار بەهۆی کێشەیەکەوە یاخود بەهۆی شکاوییەکەوە لە بۆری و پەمپەکاندا، ئاوی ژمارەیەک گەڕەک دەبڕدرێت دوای چارەسەرکردنی ئەو کێشانەش راستەخۆ ئاویان بۆ بەردەدرێتەوە".
جەختیشیکردەوە:" هیچ گۆڕانکارییەک لە خشتەی بەردانەوەی ئاودا نەهاتووە و هەر گەڕەکێک بە گوێرەی کاتی دیاریکراوی خۆی ئاوی بۆ بەردەدرێتەوە".