وتەبێژی حکومەتی هەرێم: نزیکەی ١٠ هەزار چەکی بێ مۆڵەت دەستیبەسەرداگیراوە

کوردستان 29/06/2022

Alternate Text

وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەشدا نزیکەی ١٠ هەزار چەکی بێ مۆڵەت و دەیان هەزار فیشەک دەستیبەسەرداگیراوە.

 د.جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە دیاردەی هەڵگرتنی چەک و دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت باسیلەوەکرد:" هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەدا، توانراوە لەماوەی چەند مانگی رابردوودا نزیکەی ١٠ هەزار چەکی بێ مۆڵەت و دەیان هەزار فیشەک دەستیبەسەرداگیراوە".

لە ماوەی رابردوودا هیچ یاسایەکی گشتگیر بۆ دیاردەی چەک هەڵگرتن نەبووە

ئەوەشی خستەڕوو:" لە ماوەی رابردوودا هیچ یاسایەکی گشتگیر بۆ دیاردەی چەک هەڵگرتن نەبووە و رێگریکردن لە هەڵگرتنی چەکی بی مۆڵەت نەبووە، بەڵام لەم کابینەی حکومەتدا کاری جدی لەسەر کۆنترۆڵکردنی دیاردەی هەڵگرتنی چەک و چەکی بێ مۆڵەت دەکرێت".

 لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە هەوڵی باش دراوە بۆ کۆنترۆڵکردنی دیاردەی چەک هەڵگرتن و چەکی بێ مۆڵەت

راشیگەیاند:" لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە هەوڵی باش دراوە بۆ کۆنترۆڵکردنی دیاردەی چەک هەڵگرتن و چەکی بێ مۆڵەت، بەڵام کۆنترۆڵکردنی ئەو دیاردانە کاتی پێویستە".
د.جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم جەختیشیکردەوە:" هاوڵاتییان دڵنیادەکەینەوە کە ئاسایشی تاک و رەخساندنی ژینگەیەک کە سەقامگیری و ئاشتی تێیدا بەرقەراربێت، ئەولەوییەتی حکومەتی هەرێمەوە و لە ئێستادا هەوڵەکان لەوپێناوەدا چڕکراوەتەوە".
 
 


ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا