کۆمپانیایەکی چینی ئایسکرێمێکی خستە بازاڕەکانەوە کە ناتوێتەوە و
ئەمەش هاوڵاتییانی لە خواردنی دوودڵ کردووە.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، کۆمپانیای چایسکرێمی چینی جۆرە
ئایسکرێمێکی خستە بازاڕەکانەوە کە پلەکانی گەرما کاریگەری کەمیان لەسەری دەبێت و
بە ئەستەم دەتوێتەوە.
هاوکات لە تۆڕەکۆەمەڵایەتییەکان ژمارەیەک گرتەڤیدیۆ لەلایەن
هاوڵاتییانی چینەوە بڵاوکراوەتەوە، کە تیایدا ئایسکرێمەکە دەخرێتە بەر ئاگر، بەڵام
هێشتا ناتوێتەوە، ئەمەش کاردانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە و بەشێکی زۆری دانیشتووانی
ئەو وڵاتە نیگەرانی و دوودڵی خۆیان لە پێکهاتەکانی ناو ئایسکرێمەکە دەربڕی.
رێگەیەکی زانستی نییە بۆ دیاریکردنی کوالێتی بەرهەمەکەمان
لە هەمانکاتدا دوای دروستبوونی دەنگۆکان، کۆمپانیای ناوبراو لە تۆڕی
کۆمەڵایەتی ویبۆ لە بڵاوکراوەیەکدا روونکردنەوەیدا ئاماژەی بەوەکرد:" گەرمکردن
لە رێگەی ئاگرەوە رێگەیەکی زانستی نییە بۆ دیاریکردنی کوالێتی بەرهەمەکەمان".
ئەو ماددە پارێزەرانە لەگەڵ ئەو ماددانەی دیکەی لەناو پێکهاتەی ئایسکرێمەکەدان سەلامەتن و پەسەندکراون
وانگ سیلۆش سەرۆکی پشکنینی نیشتمانی خۆراکی چین رایگەیاند:"
پشکنین بۆ ئایسکرێمە نوێیەکە کراوە و سەرجەم ئەو ماددە پارێزەرانە لەگەڵ ئەو
ماددانەی دیکەی لەناو پێکهاتەی ئایسکرێمەکەدان سەلامەتن و پەسەندکراون".
شایەنی باسە بە گوێرەی زانیارییەکان، ئایسکرێمە نوێیەکەی چین بەراورد
بەوانی دیکە نرخیان گرانترە، بەشێوەیەک نرخی هەندێکیان دەگاتە ١٠ دۆلار.