پرۆفیسۆر ئیبراهیم کەریمی فیزیازانی کوردی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن سەرۆکایەتی زانکۆی ئۆتاوا لە کەنەدا کرایە سەرۆکی پەیمانگای کوانتۆم لە زانکۆکە.
پرۆفیسۆر ئیبراهیم کەریمی زانای بواری فیزیا لە بڵاوکراوەیەکدا لە هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتی ( ئینستاگرام) ئاماژەی بەوەکرد:" هەفتەی رابردوو لەلایەن سەرۆکایەتی زانکۆی ئۆتاوا-ەوە، لەسەر بنەمای لێهاتووی، پێشکەوتووی، توێژینەوەکان لە بواری فیزیادا پۆستی سەرۆکی پەیمانگای (کوانتەم)م پێبەخشرا".
ئەوەشی خستەڕوو:" دوای پێدانی بەرپرسیارێتی سەرۆکی پەیمانگای کوانتۆم لە زانکۆکە، لە ئێستادا هاوکاری ( ئێکۆ سیستمەی) کەنەدا دەکەین، بە دابینکردنی پێداویستی و چارەسەرکردنی کێشەکانی بواری زانست و ئەندازیاریی لە پەیمانگای کوانتۆمدا".
پرۆفیسۆر کەریمی ساڵی ١٩٧٨ لە شاری سەقز لە پارێزگای سنە لەدایکبووە
پرۆفیسۆر کەریمی ساڵی ١٩٧٨ لە شاری سەقز لە پارێزگای سنە لەدایکبووە، تاوەکو قۆناغی ماستەر-ی لە رۆژهەڵاتی کوردستان خوێندووە و دواتر لە ساڵی ٢٠٠٥ بۆ خوێندن لە بواری فیزیادا رووی لە ئیتاڵیا کردووە و هەر لەو وڵاتەش دکتۆرا-ی لە بوارەکەدا وەرگرتووە، لە ساڵی ٢٠١٧ لە زانکۆی ئۆتاوا-ی کەنەدا وەکو پرۆفیسۆری زانستی فیزیا وەرگیراوە.
شایەنی باسە، پرۆفیسۆر کەریمی، چەندین خەڵاتی لەسەر ئاستی تاکە کەسی و گروپ پێبەخشراوە، کە گرنگترینیان مەدالیای زانستی ( هێرتزبێرگ) بووە و لە ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن ئەنجومانەی فیزیازانانی کەنەداوە پێی بەخشراوە.