رێکخراوی تەندروستی جیهانی پێشبینی تۆمارکردنی حاڵەتی گیانلەدەستدانی زیاتر بەهۆی ئاوڵەی مەیمونەوە دەکات و دەڵێت، پێویستە گواستنەوەی نەخۆشیییەکە بوەستێندرێت.
کاترین سمۆلود بەرپرسی فریاگوزاری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند:" بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی حاڵەتەکانی توشبوون بە ئاوڵەی مەیمون پێشبینی تۆمارکردنی حاڵەتی گیانلەدەستدانی زیاتر بەهۆیەوە دەکرێت".
پێویستە لە زووترین کاتدا گواستنەوەی نەخۆشییەکە بوەستێندرێت
ئاماژەی بەوەشکرد:" پێویستە لە زووترین کاتدا گواستنەوەی نەخۆشییەکە بوەستێندرێت و سنوورداربکرێت، بە تایبەتی دوای ئەوەی ئامارەکانی توشبوون بە ئاوڵەی مەیمون لە ئەفریقا بڵاوکرایەوە".
دەشڵێت:" سەرباری ئەوەی توشبووەکان بە تێپەڕبوونی کات، بەبێ پێویستبوون بە چارەسەرکردن نەخۆشییەکە تێدەپەڕێنن، نەخۆشییەکە لە هەندێک مەترسیداردەبێت و دەبێتە هۆی هەوکردنی مێشک".
کاترین سمۆلود بەرپرسی فریاگوزاری رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئەوەشی خستەڕوو:" ئەو دەرمانانەی بە مەبەستی چارەسەرکردن دەدرێن بە توشبووانی ئاوڵەی مەیمون، بریتیین لە ئازار شکێنە لاوەکییەکان و دەرمانی هەوکردنە لاوەکییەکان، دواتریش چاوەڕواندەکرێت نەخۆشەکە بە تێپەڕبوونی کات نەخۆشییەکە تێبپەڕێنێت".