بە وێنە و ڤیدیۆ.. پیاوێکی ژاپۆنی لەسەر پشتی گوێدرێژەکەی تەواوی تورکیا دەگەڕێت

هەمەرەنگ 01/08/2022

Alternate Text

پیاوێکی ژاپۆنی بەناوی ( کۆتارۆ تاکادەی) لەسەر پشتی گوێدرێژەکەی کە لە تورکیا کڕیویەتی و ناوی لێناوە ( سوسوتسوبی)، گەشتێکی دوورودرێژ بەناو شار و گوندەکانی تورکیادا ئەنجامدەدات.

 کۆتارۆ تاکادەی تەمەنی ٣٠ ساڵە و مانگی رابردوو لە شاری مێرزیفۆن لە ویلایەتی ئاماسیای باکووری تورکیا دەستی بە گەشتەکەی کرد و هەزاران کیلۆمەتری لەسەر پشتی گوێدرێژەکەی بڕی و لە کۆتاییدا، لە ناوچەی ئیزمیر لە رۆژئاوای تورکیا کۆتایی بە گەشتەکەی هێنا.
کۆتارۆ تاکادەی، گوێدرێژەکەی لە ناوچەی مانیسا-ی لە رۆژئاوای تورکیا کڕیووە و دواتر لەسەر پشتی گوێدرێژەکەی سەردانی تەواوی گوندەکانی ناوەڕاستی ناوچەی ئەنادۆڵ-ی کردووە، پاشان ئاڕاستەی گەشتەکەی بۆ ناوچەی گەشتیاری کەپەدۆکیا گۆڕیووە.

بیرۆکەی ئەو گەشتەی پێنج ساڵ لەمەوبەر لە سەردانێکیدا بۆ مەغریب هاتووە بە مێشکیدا

ئەو پیاوە ژاپۆنییە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵ ئاماژەی بەوەکردووە، کە بیرۆکەی ئەو گەشتەی پێنج ساڵ لەمەوبەر لە سەردانێکیدا بۆ مەغریب هاتووە بە مێشکیدا و بڕیاریداوە ئەنجامی بدات.
بە گوێرەی وتەکانی تاکادی، دانیشتوانی ئەو ناوچانەی سەردانی کردوون، پێیانوابووە کە شوانێکی ئەفغانی-یە و کاتێک پێیوتوون ژاپۆنییە، باوەڕیان نەکردووە و سەریان سووڕماوە.

پیاوە ژاپۆنییەکە حەزدەکات لەگەڵ گوێدرێژەکەیدا گەشت بکات

تاکادی نەشیشاردەوە، کە حەز لە گەشتکردن لەگەڵ گوێدرێژەکەیدا دەکات  و دەشڵێت، گوێدرێژەکەی زۆر هەستیارە، بەڵام لەگەڵ ئەودا هاوڕێیەتییان زۆرباشە.
کۆتارۆ تاکادەی لە چاوپێکەوتنەکەدا راشیگەیاندووە، لە درێژەی گەشتەکەیدا بەشێکی زۆر لە هاوڵاتییە تورکەکان دەرگای ماڵەکانیان بە روویا واڵاکردووە و پێشوازییان لێکردووە، جگەلەوەش هەموو رۆژێک هاوکارییان کردووە و خواردن و خواردنەوەیان پێداوە.
تاکادەی باسیلەوەشکرد، پێشتر گەشتی بۆ ٣٠ وڵاتی جیهان کردووە و ئێستاش بە نیازە لە رۆژانی داهاتوودا لەسەر پشتی گوێدرێژەکەی گەشتەکەی بە وڵاتانی ئەوروپادا تەواوبکات.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا