سەدڕ بۆ گەلی عێراق : سەردەمی من بەکاربهێنن بۆ لەناوبردنی گەندەڵی

عێراق 03/08/2022

Alternate Text

موقتەدا سەدڕ رێبەری رەوتی سەدڕ داوا لە گەلی عێراق دەکات، سەردەمی ئەو بەکاربهێنن بۆ لەناوبردنی گەندەڵی لە وڵاتدا، دەشڵێت، ئامادەییە لە پێناو چاکسازی گیانی خۆی ببەخشێت و شەهید ببێت.
موقتەدا سەدڕ رێبەر رەوتی سەدڕ، لە پەخشێکی راستەخۆدا سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی عێراق و خۆپیشاندانەکانی بە‌غدا ئاماژەی بەوەکرد:" ئەو خۆپیشاندانەی لە ئێستادا لە بەغدا بەڕێوەدەچێت لەپێناو پلە و پۆستدا نییە و لەپێناو دابینکردنی ماف و داواکارییەکانی هاوڵاتییاندایە، هەروەها خۆپیشاندانەکان بەردەوامبێت، تاکو داواکارییەکانی گەل دەستەبەردەکرێت".

خەڵک بێزاربووە لە دەسەڵات و حکومەتی گەندەڵ بە رەوتی سەدڕ-یشەوە

ئەوەشی خستەڕوو:" خەڵک بێزاربووە لە دەسەڵات و حکومەتی گەندەڵ بە رەوتی سەدڕ-یشەوە و گۆڕانکاری راستەقینەی لە وڵاتدا دەوێت".
دەشڵێت:" هەوڵماندا حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی پێکبهێنین، بەڵام لەسەر داوای گەندەڵکار و بەدخوازەکان رێگری لێکراو پەکخرا".
موقتەدا سەدڕ رێبەر رەوتی سەدڕ جەختیشیکردەوە:" ئەگەرچی تاکو ئێستا رەوتی سەدڕ بڕیاری نەداوە کە بەشداری بکاتەوە یاخود نا، پێویستە پەرلەمان هەڵبوەشێندرێتەوە و هەبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدرێت".

رەوتی سەدڕ لەگەڵ هیچ جۆرە خوێن رشتنێکدا نییە

ئاماژەی بەوەشکرد:" رەوتی سەدڕ لەگەڵ هیچ جۆرە خوێن رشتنێکدا نییە و داوکاریین لە خۆپیشاندەران، خۆپیشاندانێکی ئاشتیخوازانە بەڕێوەببەن".
دەشڵێت:" داواکارم لە تەواوی گەلی عێراق سەردەمی من بەکاربهێنن بۆ لەناوبردنی گەندەڵی لە وڵاتدا، چونکە ئامادەم لە پێناو چاکسازیدا گیانی خۆم ببەخشم و شەهید ببم".
موقتەدا سەدڕ رێبەر رەوتی سەدڕ دووپاتیشکردەوە:" وتووێژمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان تاقیکردووەتەوە بەڵام هیچ سوودێکی نەبووە، جگەلەوەی گەندەڵی و ساختەکاری لە وڵاتدا زیادکرد".

راشیگەیاند:" لەم دواییانەدا لە میدیا عێراقییەکان بڵاوبووەوە، کە گوایە چەند لایەنێک هەوڵدەدەن تیرۆرم بکەن، منیش لێرەوە بەو کەسانە دەڵێم، داوای لێخۆشبوون و گەڕانەوەتان بۆ دین بۆ دەکەم".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا