بەهۆی زۆری بەکارهێنانی دەرزییەوە یاریزانێکی لەشجوانی بەڕازیل کە بە
هاڵک ناسرابوو، گیانیلەدەستدا.
ماڵپەری سکای نیوز بڵاویکردەوە:" ڤاڵدیر سێگاتۆی بەڕازیلی و
یاریزانی یاری لەشجوانی، کە بەهۆی بەهێزی جەستەیی و گەورەیی ماسولکەکانییەوە بە
هاڵک ناسراوبوو، بەهۆی زۆری بەکارهێنانی دەرزی لەشجوانییەوە لە تەمەنی ٥٥ ساڵیدا گیانیلەدەستدا".
ئاماژەی بەوەشکرد:" بەگوێرەی زانیارییەکان، ناوبراو بڕێکی زۆر لە
دەرزی سینسۆلی لە خۆی داوە، ئەو لە چاوپێکەوتنێکدا باسیلەوەکردبوو، جەستەی دوو
هێندەی جاران گەورە بووە و بەوهۆیەشەوە خەڵکی بە هاڵک بانگی دەکەن، بەڵام هێشتا
دەیەوێت زیاتر گەورە ببێت".
ئەوەشیخستەڕوو:" لە ئەمساڵدا پزیشکەکان هۆشدارییانداوە بە سێگاتۆ
لە بەکارهێنانی دەرزی ناوبراو، چونکە دەبێتە هۆی گەشەکردنی لە رادەبەدەری
ماسولکەکان و دوور نییە ببێتە هۆی بچڕانی دەمارەکانی، بەڵام ئەو رەتیکردووەتەوە
دەستلە بەکارهێنانی ئەو دەرزییە هەڵبگرێت".
سکای نیوز روونیشیکردەوە:" لە رۆژی گیانلەدەستدانەکەیدا سێگاتۆ چووەتە
لای یەکێک لە دراوسێکانی و پێی راگەیاندووە کە هەست بە تەنگە نەفەسی دەکات و پاشان
لە هۆش خۆی چووە، پاشان گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام لە رێگادا بەرەو
نەخۆشخانە گیانیلەدەستداوە".