بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی
دوو گەنجی تەمەن ١٨ ساڵی بە تۆمەتی دزیکردن راگەیاند.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە
بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند:" دوای ئەوەی هاوڵاتییەک لە پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی
چەمچەماڵ سکاڵای تۆمارکرد سەبارەت بەوەی بڕێک ئاڵتون و پارەی لێدزراوە، دەستبەجێ
هێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەکانیان بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتبار
دەستپێکرد".
ئاماژەی بەوەشکرد:" دوای لێکۆڵینەوە و
بەدواداچوونەکان توانرا لە ماوەیەکی کەمدا دوو تۆمەتبار دەستگیربکرێن و دوای
دەستگیرکردنیشیان هەردوو تۆمەتبارەکە لەبەردەم دادوەردا دانیان بە تاوانەکەیاندا
نا".
باسیلەوەشکرد:" لە ئێستادا هەریەکە لە
تۆمەتبار (هـ.م.م)ی لەدایکبووی ٢٠٠٤ و (ی.ج.آ)ی لەدایکبووی ٢٠٠٤، بە بڕیاری دادوەر
و بەپێی ماددەی ٤٤٣ لە یاسای سزادان راگیراون و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا
بەردەوامە".