بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکی ناوەندی هەرێم روونکردنەوەیەکی لەسەر قەرزەکانی کۆمپانیای نالیا بڵاوکردەوە، کە گوایە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە یەکلاکراوەتەوە و سەرۆکی کۆمپانیاکە بڕیاریداوە بۆ تەواوکاری مووچەی مانگی تەمووز بڕی ٨٠ ملیۆن دینار بداتە مووچەخۆرانی سنووری سلێمانی.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکی ناوەندی هەرێم/ سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە قەرزەکانی کۆمپانیا نالیا، ئاماژەی بەوەکرد:" لەچەند پەیج و ئەکاونتێکی سۆشیال میدیا ئەوەیان بڵاوکردەوە، کە گوایە قەزرەکانى کۆمپانیاى نالیا، لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە یەکلاکراوەتەوە و سەرۆکى کۆمپانیاکە بڕیاریداوە بۆ تەواوکارى موچەى مانگى تەمووز بڕى ٨٠ ملیار دینار بداتە موچەخۆرانى سنوورى سلێمانى، بەڵام لە راستیدا کۆمپانیاى ناوبراو بڕى قەرزەکەى ٨٤ ملیار دینارە و تاکو ئێستا نەیگێڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی حکومەتی هەرێم".
سەرلەبەرى ئەو هەواڵ و چەواشەکارییانە رەتدەکەینەوە کە لەبارەی قەرزەکانی کۆمپانیا نالیاوە بڵاوکراونەتەوە
ئەوەشی خستەڕوو:" سەرلەبەرى ئەو هەواڵ و چەواشەکارییانە رەتدەکەینەوە کە لەبارەی قەرزەکانی کۆمپانیا نالیاوە بڵاوکراونەتەوە، چونکە تاکو ئێستا کۆمپانیای ناوبراو هیچ قەرزێکى لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان پاکتاو نەکردووە".
راشیگەیاند:" داوا لەسەرجەم ئەو کەسانە دەکەین کە قەرز و ئاسانکارى حکومەتیان لاماوە وەک ئەرکێکى نیشتمانى قەرزەکانیان بگێڕنەوە بۆ خەزێنەى گشتی".
ئەمەش لەدوای ئەوەدێت، لە چەند میدیایەکی کوردی بڵاوکرایەوە، کە گوایە حکومەتی هەرێم قەرزەکانی کۆمپانیای نالیا-ی یەکلاکردووەتەوە و سەرۆکی کۆمپانیاکە بڕیاریداوە بۆ مووچەی مانگی تەمووز، بڕی ٨٠ ملیار دینار بداتە مووچەخۆرانی سنووری پارێزگای سلێمانی.