پۆتین و ئەردۆغان: بە هەماهەنگی رووبەڕووی رێکخراوە تیرۆریستییەکان سووریا دەبینەوە

جیهان 06/08/2022

Alternate Text

راگەیەندراوی هاوبەشی کۆبوونەوەکەی نێوان ڤلادمێر پۆتین سەرۆکی روسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بڵاوکرایەوە، کە دوێنی لە هاوینەهەواری سۆچی لە روسیا ئەنجامیانداو بەپێی راگەیەندراوەکەش، هەردوو سەرۆکەکە لە کۆبوونەوەکەدا بەڵێنی خۆیان دووپاتکردووەتەوە، کە بە هەماهەنگی رووبەڕووی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی سووریا دەبنەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوی هاوبەشی کۆبوونەوەکەی ڤلادمێر پۆتین سەرۆکی روسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوو سەرکردە سەرەڕای هەموو ئاڵنگارییە ناوچەیی و جیهانییەکانی ئێستا، ئیرادەی هاوبەشی خۆیان بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکانی تورکیا و رووسیا لەسەر بنەمای رێزگرتن لە یەکتر و داننان بە بەرژەوەندییەکانی بەرامبەر، دووپاتکردووەتەوە.

هەردوولا بەڵێنیاندا هەوڵی درێژخایەنیان هەبێت لە کەرتەکانی  گواستنەوە و بازرگانی

لە راگەیەندراوە هاوبەشەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو:" لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا بەڵێنیاندا هەوڵی درێژخایەنیان هەبێت لە کەرتەکانی وەک گواستنەوە، بازرگانی، کشتوکاڵ، پیشەسازی، دارایی، گەشتیاری و بیناسازی، بۆ زیادکردنی قەبارەی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات بەگوێرەی ئامانجە دیاریکراوەکان، لەگەڵ ئەوەشدا هەردوو وڵات رێککەوتن کە هەنگاوی جددی بگرنەبەر بۆ بەهێزکردنی هاریکارییەکان لەسەر پرسە هەنووکەییەکان".
ئاماژە بەوەشکراوە:"  سەرکردەکان لە کۆبوونەوە تیشکیان خستەسەر گرنگی بوونی پەیوەندیی دڵسۆزانە،  راشکاوانە و متمانەی نێوان تورکیا و رووسیا، بۆ جێگیرکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەد، لەو چوارچێوەیەشدا هەردوو سەرکردە پشتڕاستیانکردەوە کە پەیوەندییە بونیاتنەرەکانی نێوان هەردوو وڵات رۆڵی هەبووە لە گەیشتن بە رێککەوتنی ئیستانبوڵ سەبارەت بە گواستنەوەی دانەوێڵە و خۆراک".
روونیشیکراوەتەوە:" لە کۆبوونەوەکەدا، ئەردۆغان و پۆتین جەختیان لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکەی ئیستانبوڵ کردەوە، هەروەها لە میانی كۆبوونەوەكەدا کە تیایدا دوایین پێشهاتەكانی سووریا تاوتوێکران، هەردوولایەن جەختیان لەوە کردەوە کە گرنگی دەدەن بە پێشخستنی پرۆسەی سیاسی بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێكی هەمیشەیی لەو وڵاتەدا، لەگەڵ ئەوەشدا گرنگی دەدەن بە پاراستنی یەکڕیزی سیاسی و یەکپارچەیی خاکی سووریا".

پۆتین و ئەردۆغان پشتیوانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە لە لیبیا دەکەن

بەگوێرەی راگەیەندراوە هاوبەشەکە، ئەردۆغان و پۆتین لە کۆبوونەوەکەدا بەڵێنی خۆیان دووپاتکردەوە کە بە هەماهەنگی رووبەڕووی هەموو رێکخراوە تیرۆریستییەکانی سووریا دەبنەوە، هەروەها هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر به‌ سه‌روه‌ریی و یه‌كپارچه‌یی خاك و یه‌كگرتوویی نیشتمانیی لیبیا خستەڕوو و جەختیان لە گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە و باوەڕپێکراو لە لیبیا کردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پشتیوانی خۆیان بۆ پرۆسەی سیاسی لەو وڵاتە لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان دەربڕی".
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، ئەردۆغان و پوتین رێککەوتن لەسەر ئەوەی کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی باڵای هاوکاری تورکیا و رووسیا لە تورکیا بەڕێوەبچێت.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا