دوای ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ بەشێک لە دانیشتوانی ناوچەی بیخاس لە سنووری قەزای خانەقین بەهۆی کێشەی کەمئاوییەوە گردبوونەوە و شەقامی سەرەکی (خانەقین – کەلار)یان داخست، هێزێکی ئەمنی حکومەتی عێراق، گەیشتنە شوێنی خۆپیشاندانەکە و شەقامەکەیان کردەوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی ( بغداد الیوم)، سەبارەت بە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی قەزای خانەقین، کە ژمارەیەک دانیشتوانی ئەو ناوچەیە بەهۆی کێشەی کەمئاوییەوە گردبوونەوە و شەقامی ( خانەقین – کەلار)یان داخست، ئاماژەی بەوەکرد:" دوای کەمتر لە یەک کاتژمێر راستەخۆ هێزێکی ئەمنی هاوبەشی حکومەتی عێراق گەیشتنە شوێنی خۆپیشاندانەکە و پاش بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەرەکانیش، شەقامەکەیان کردەوە".
داواکارییەکانی خۆپیشاندەران دەگەیەندرێتە لایەنی پەیوەندیدار
ئەوەشی خستەڕوو:" هێزە ئەمنییەکان بەڵێنیان بە خۆپیشاندەراندا کە داواکارییەکان بگەیەننە لایەنی پەیوەندیدار، بۆ ئەوەی بە زووترین کات کێشەکەیان بۆ چارەسەربکرێت".