شارەزایەکی بواری کەشناسی سەبارەت بەو شێیەی ئاسمانی عێراقی گرتووەوە بەڵام باران نابارێنێت روونکردنەوە دەدات و دەڵێت، ماوەی چەندین رۆژە بەرزەپەستانێکی بەھێز و جێگیر لە رۆژئاوای عێراقەوە بەشێوەیەکی فراوان بەسەر چینە بەرزەکانی ھەوای ناوچەکەدا جێگیر بووە، کە ئەمەش رێگرە لەوەی جووڵەی ھەوا سەربکەوێت بۆ ئاستە بەرز و ساردەکانی ھەواو چربوونەوەی ھەور و بارانبارین.
ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی ئەو شێیەی لە ئێستادا ئاسمانی عێراقی گرتووەتەوە ئاماژەی بەوەکرد:" ئەو شێیە، نزیک ھەمان بڕی شێ و تەڕی کە لەماوەی رابردوو لە دەریای عەرەب و ھیندستانەوە وڵاتانی دەوروبەرمانی گرتەوە بووە ھۆی بارانبارینی زۆر و دروستبوونی لافاو و زیانی ماددی و گیانی زۆریشی لێکەوتەوە، لەئێستاشدا ئەو شێ زۆرە گەیشتووە بە تەواوی ناوچەکانی باکووری سعودیە و وڵاتی عێراق و سوریاش بەڵام باران نابارێت و تەنانەت ھەورێکی زۆر لە ئاسماندا نابیندرێت ھۆکارەکەی دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی ماوەی چەندین رۆژە بەرزەپەستانێکی بەھێز و جێگیر لە رۆژئاوای عێراقەوە بەشێوەیەکی فراوان بەسەر چینە بەرزەکانی ھەوای ناوچەکەدا جێگیر بووە کە ئەمەش رێگرە لەوەی جووڵەی ھەوا سەربکەوێت بۆ ئاستە بەرز و ساردەکانی ھەواو چربوونەوەی ھەور و بارانبارین".
شێیەکە لە هەوایەکی نزمدا قەتیس بووە
ئەوەشی خستەڕوو:" ئەم شێ زۆرە لەھەوای نزمدا قەتیس بووە، ئەمەش بووەتە ھۆی قەتیسبوونی گەرمی تیشکی خۆر و پەنگ خواردنەوە و بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما لە زۆربەی ناوچەکانی عێراقدا ھەر لەبەر ئەم ھۆکارانەش نابێتە ھۆی بارانبارین و دۆخەکە دەبێتە ھۆی گەرمبوونی زیاتر لە کاتێکدا بەم شێوەیە نەبێت ئەم حاڵەتە دەبێتە ھۆی بارانبارینێکی زۆر و بەخوڕ لەگەڵ روودانی ھەورە تریشقە لە زۆربەی ناوچەکاندا".